كۆنگرێسمانێكی ئەمەریكا: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ هەوڵێكی ئێرانییە و ئاشتەوایی نێوان هەرێم و بەغدا دەخاتە مەترسییەوە

:: PM:08:07:03/02/2023 ‌
مایك میكۆڵ سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەی ئەمەریكا لە نامەیەكدا بۆ "ئەنتۆنی بلینكن" لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق دەڵێ " یەكەمجار نییە لەبارەی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندەوە نامەت بۆ دەنێرم، ساڵی رابردوویش لەمبارەیەوە نامەیەكم بۆ ناردی و ئاماژەم بەوە كردبوو كە ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو حكوومەتە كاردەكاتە سەر سەقامگیری و گەشەی ئابووری لە تەواوی عێراق. 

لە نامەكەدا سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە ئەوەیشی نووسیوە كە گرنگە بەرپرسانی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ كێشەكانیان چارەسەر بكەن كە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدا بێت، چونكە چارەسەری ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو حكوومەتە گرنگە لە بەرانبەر راگرتنی هەڕەشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ سەر ئەمەریكا. 

مایك میكۆڵ زیاتری بۆ ئەنتۆنی بلینكن نووسیوە و نیگەرانی خۆی لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ دەربڕیوە لە بەرانبەر بەنایاسایی ناساندنی 400 ملیارەكە بۆ هەرێم، چونكە پێی وایە حكوومەتی نوێی عێراق و حكوومەتی هەرێم پابەندی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان دەربڕیوە بەڵام بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ ئاشتەوایی نێوانیان دەخاتە ژێر مەترسییەوە. 

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا پێی وایە " رەوانەكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بەهێزە بۆ ئێران لەبەرانبەر هێرشە بەردەوامەكانی بۆ سەر عێراق" 

بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینار دوای تێكگەیشتن و  گفتوگۆی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێم و عێراق هات و لێكنزیكبوونەوەیەكی تەواو هەبوو لە نێوان هەرێم و بەغدا، شارەزایان بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی بە شەقێكی ئێرانی دەزانن بۆ لێدان لە پێشوەچوونەكانی پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا.


وشە - تایبه‌ت