كەی لە فڕۆكەخانەكانی كوردستان دۆلار دەبێتە 147 هەزار دینار؟

:: PM:10:28:03/02/2023 ‌
بڕیاربوو بانکی ناوەندی عێراق لە فڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانی سیستمی ناوەندی دابنێت بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بۆ گەشتیارانی فڕۆکەخانە و ئەندامێکی لیژنەی داراییش لەپەرلەمانی عێراق لەو بارەوە روونکردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ هەینی سێی شوبات، نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە وشەی راگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری داوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانی سیستمی گۆڕینەوەی دۆلار بە هەمان سیستمی بانکی ناوەندی بەگەڕبخات و دۆلار بە 1470 دینار بە گەشتیاران بفرۆشێت.

گوتیشی، بڕیارەکە هەفتەی رابردوو دەرچووە و هەر گەشتیارێک تا بڕی پێنج هەزار دۆلاری بەنرخی بانکی ناوەندی پێدەدرێت یان دەگۆڕێتەوە، لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی قسەمکردووە و پێی گوتم بانکەکانی راسپاردووە بۆ ئەوەی سیستمەکە لەو فڕۆکەخانانە دابنرێن.

هەروەها گوتی، دانانی ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییە چەند رۆژێکی پێدەچێت، لەهەولێر بەهۆی ئەوەی لقی بانکی ناوەندی هەیە ئێستا دەست بە دانانی سیستمەکە کراوە لە ناو فڕۆکەخانەو بانکی "TBI" دەیکات، بۆ ئەوەی ببەسترێتەوە بە بانکی ناوەندی و چەند رۆژی تر تەواو دەبێت و لە سلێمانیش دەست دەکەن بە دانانی سیستمەکە، سەرەتا هەولێر دواتر سلێمانی، لەگەڵ تەواوبوونی دەست بە پێدانی 100 دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی 147 هەزار دینار دەکرێت.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بە وشەی گوت، لە ئێستادا لە فڕۆکەخانەی هەولێر بانکەکە خەریکی دانای سیستمەکەن بەڵام نازانین کەی تەواو دەبێت و دەستپێدەکات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - تایبه‌ت