وەزارەتی بازرگانی هەڵمەتێكی هەرزانكردنی نرخی بەرهەمە خۆماڵییەكان دەست پێ دەكات

:: PM:10:38:04/02/2023 ‌

یەكێك لە بەرنامە ستراتیجییەكانی كابینەی نۆیەم، كارئاسانیكردن و هاریكاری بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمە بە گشتی و هاووڵاتییانی كەمدەرامەتە بە تایبەت، لەم پێناوەشدا ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانی رای گەیاند كە هەڵمەتێك دەست پێ دەكەن بۆ هەرزانكردنی نرخی هێلكە و پەلەوەر و بەرهەمە خۆماڵییەكان. 

ئەمڕۆ شەموو سێی شوباتی 2023، لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێم هاتووە، هەڵمەتی هەرزانکردنی نرخی هێلکە و پەلەوەر و بەرهەمە خۆماڵییەکان دەست پێ دەکات بە چاودێری بەڕێوبەرایەتی گشتی بازرگانی سەربە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم. 

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەت روونكراوەتەوە كە ئامانج لە هەڵمەتەكەی هەرزانكردنی هێلكە و پەلەوەر و بەرهەم و كاڵا خۆماڵییەكان لە پێناو هاوكاری زیاتری هاووڵاتییانە. 

وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەیش داوە، ئێستە ئەم هەڵمەتە لە پارێزگای دهۆک دەستی پێ کردووە و بڕیاریشە لە بەیانیەوە لە ناوچەکانی تر بەردەوامی پێ بدرێت. 

"بەم شێوەیە حکوومەت و بازرگانەکان دەتوانن نرخی گونجاو بۆ کاڵا خۆراکییەکان دیاری بکەن، بەجۆرێک هاووڵاتییانی کەمدەرامەت بە کەمترین نرخ پێداویستییەکانیان، بەتایبەت ئەو خۆراکانەی لە ناوچەکانی خۆیان بەرهەم دەهێنرێت، دەست بکەوێت و کێبڕکێ و جووڵەی بازاڕیش بە شێوەیەکی تەندروست بێت"، لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی بازرگانی وا هاتووە.

شایەنی باسە لە ماوەی دوایی بەهۆی هەڵكشانی نرخی دۆلارەوە، جیا لەوەی بازاڕی كار و مامەڵە نیوچە وەستاوە، بژێوی خەڵكیش بەهۆی گرانبوونی نرخ لە بازاڕەكان مەترسی راستەقینەی خستووەتە سەر بژێوی و ژیانی رۆژانەی خەڵك، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئەركی هەمیشەیی لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ سووككردنی ئەركی سەرشانی هاووڵاتییان بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو تەنگژەی هەیە.



وشە - تایبه‌ت