شرۆڤەكارێك: گەورەترین قاچاخی دۆلار لەو ماوەیە رووی داوە

:: PM:11:38:04/02/2023 ‌

ئێستە عێراق لەناو تەنگژەیەكی قووڵی هەڵكشانی نرخی دۆلار دەژیت، كاتێك بەهۆی پابەندنەبوونی بە سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران و ئەو لایەنانەی كە سزای ئەمەریكایان لەسەرە، جیا لە سپیكردنەوەی پارە، لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمەریكاوە سزای توندی خراوەتە سەر، شرۆڤەكارێكی سیاسی قەبارەی ئەو قاچاخییەی دۆلار ئاشكرا دەكات كە لە سنوورەكانی عێراق هەیە.

فەتاح شێخ، شرۆڤەكار دەڵێت، ئەو قاچاخییەی دراو كە لەو ماوەیە لە عێراق هەیە پێشتر نەبووە، كاتێك سنوورەكانی نێوان عێراق و ئێران پرۆسەیەكی بێ وێنەی قاچاخی دراوی لە مێژوودا بەخۆیەوە بینیوە، هەڵكشانی نرخی دۆلاریش بەهۆی ئەو قاچاخییە گەورەوە بووە. 

روونی كردەوە، چەندان كەسایەتی لە حكوومەتی ئێستە بوونە هۆی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار، ئەوەش لە رێگەی خاوەنداریەتیان بۆ چەند كۆمپانیایەك كە كار لەسەر بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە دەكەن، دووپاتی كردەوە، ئەو حكوومەتە دروستكراوی خواستی ئێرانە، چونكە بە خواستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروست بووە و هەمووان دەزانن كە سەرانی چوارچێوە هاوپەیمانی تارانن.

ئەو شرۆڤەكارە ئاماژەی كرد كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا حكوومەتی سوودانی خستووەتە ناو شووشەكەوە، چونكە رێككەوتنی ئیستەنبووڵ ئەو داوە بوو كە حكوومەتی سوودانی قووتی دا، چونكە ناتوانێت دۆلار بۆ نرخی پیشوو بگەڕێنێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل