میكانیزمی گەڕاندنەوەی مووچەی پاشەكەوتكراو چۆن دەبێت؟

:: AM:12:22:26/05/2023 ‌
ئەمشەو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە پرۆژە یاسای بودجەدا ئەوەی جێگیر كرد كە بڕە پارەیەك مانگانە پێویستە وەك قەرەبوو بگێڕدرێتەوە بۆ فەرمانبەرانی کوردستان کە پێشتر بەهۆی بڕینی بودجەی لە شوباتی 2014 و شەڕی داعش، هەرێم ناچاربوو پاشەکەوت بکات.

بەپێی گوتەی دوو پەرلەمانتاتی کورد لە لیژنەی دارایی کە قسەیان بۆ "وشە" کردووە، رێژەی "لە %10 كەمتر نەبێت" دیاریکراوە بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوتەکانی پێشوو. بەڵام ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، وردەكاری و میكانیزمی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتەكە لای وەزارەتی دارایی عێراقە و جارێ دیار نییە.

ئەمشەو 25ی ئایاری 2023 لیژنەی دارایی عێراق لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیر كرا  و د.نەرمین مەعرووف ئەندام پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی لەبارەی وردەكاری گەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانیشەوە بە "وشە"ی راگەیاند، وردەكاری گەڕاندنەوەی پارە پاشەكەوتكراوەكان لەلای وەزارەتی داراییە كە ئایا لە كۆی گشتی مووچەی فەرمانبەرە یا لە كۆی گشتی مووچە پاشەكەوتكراوەكەیە ئەوە جارێ دیار نییە  و دەگەڕێتەوە سەر لایەنە تەکنیکییەکانی كارەكە و وەزارەتی دارایی.

هەر ئەمشەو مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە تویتێك لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمشەوی لیژنەكەیان نووسیویەتی، لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر هەمواركردنی بڕٍگەكانی پێوەندیدار بە هەرێمی كوردستان دەدات و پابەندی دەكەن بە رادەستكردنی نەوتەكەی بۆ كۆمپانیای سۆمۆ، بۆ هەناردەكردنی لە ناوخۆ، ئەوە ئەگەر توانای هەناردەكردنی بۆ دەرەوە نەڕەخسا.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە پێشتر هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق لەسەر نەوت و داهاتەکەی رێککەوتوون.

شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری پارتی لەبارەی كشانەوەی نوێنەرانی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە تەنیا لەبەرئەوە كشاینەوە كە ئەم دەسكاریكردنەی دەقە ئەسڵییەكە و كردنەوەی حیسابی بانكی و دانانی ئەو پارەیە راستەوخۆ لەلایەن وەزیری داراییەوە حساب نەكردنە بۆ قەوارەی هەرێم و بچووككردنەوەیەتی و بەپێچەوانەوەی دەقە ئەسڵییەکەیە کە هەردوو حکوومەت لەسەری رێککەوتوون. 

دووبەرانی زیاتر گوتی، لەبارەی گەڕاندەوەی پاشەكەوتی مووچە ئەندامانی پارتی بەتەواوی سووربوون لەسەر پەسەنکردنی و دەنگیان پێدا و کەسیش لەخۆمان بە دڵسۆزتر نازانین بۆ فەرمانبەرانی کوردستان.

"بەڵام ناڕازین لەوەی دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی نەوتی کوردستان لەدەست وەزیری  نەوتی عێراق بێت و ئەوە مافی حکوومەتی هەرێمە و پێشتر رێکەوتنی لەسەر کراوە، بۆیە لەو بڕگەدا ناڕازی بووین و لە پەلەمانیش دژی دەوەستینەوە، چونکە نەوت هی هەرێمە و سۆمۆ دەیفرۆشێت، دەبێت پارەکەی بە بڕیاری حکوومەتی هەرێم بجووڵێ" دووبەردانی وای گوت.

شایستە داراییەکانی کوردستان لە بودجەی عێراقدا لە بڕگەی 12 و 13 و 14ی بودجەدا جێگیر کرابوو، بەڵام عەرەبەکان دژی وەستانەوە و دەسکاریی ئەو مادانەیان کرد کە لە رێکەوتنی هەردوو حکوومەتدا کراوە و لە بودجەکەدا جێگیر کراوە.


وشە - تایبه‌ت