ژماره‌یه‌ك شاره‌زا و پسپۆری بواری ته‌كنه‌لۆجیا له ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا پێشبینی و سه‌رنجی خۆیان له‌باره‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه ده‌خه‌نه ڕوو، كه تا ساڵی 2030 له ژیانی مرۆڤ، به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆجیا و زیره‌كی ده‌ستكرد ده‌خه‌نه ڕوو و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه زیره‌كی ده‌ستكرد له ڕیشه‌وه شێوازی ژیان ده‌گۆڕێت و گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی دروست ده‌كات.
له ساڵی ڕابردووه‌وه ته‌كنه‌لۆجیا و زیره‌كی ده‌ستكرد پێی نایه قۆناغێكی تره‌وه، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیای ئۆپن ئه‌ی ئای، ماڵپه‌ڕی زیره‌كی ده‌ستكردی چات جی پی تی خسته به‌رده‌م به‌كارهێنه‌رانی ئینته‌رنێته‌وه و ئه‌م چاتبۆته ئێسته بووه‌ته ده‌روازه‌یه‌ك و هه‌مووان ڕۆژانه سه‌ردانی ده‌كه‌ن، چونكه وه‌ڵامی هه‌موو پرسیارێك ده‌داته‌وه و ده‌توانێ له‌بری مرۆڤ وتار و په‌رتووك بنوسێت و ئه‌ركه قورسه‌كانی بیركاری و فیزیا و سه‌رجه‌م و بواره‌كانی تر بۆ قوتابیانی قوتابخانه‌كان و زانكۆكان چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر مرۆڤ پێوه‌سته ته‌نیا نووسینی پرسیار و كێشه‌كانه، دوای ئه‌وه چات جی پی تی ده‌ست به نووسینه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمان ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی ورد و زانستیانه وه‌ڵاممان ده‌خاته به‌رده‌ست.
سه‌ره‌ڕای گرنگی ئه‌و پێشكه‌وتنه خێراییه و كاریگه‌ری له كارئاسانیكردنی ژیانی مرۆڤ، به‌ڵام تا ئێسته زانایان و شاره‌زایان به گومانه‌وه سه‌یری ئه‌و پێشهاته ده‌كه‌ن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه پێویسته به یاسا ڕێوشوێن بۆ زیره‌كی ده‌ستكرد دابڕێژرێ و زیره‌كی ده‌ستكرد نه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه قوتابی و توێژه‌ر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسان بێكار بمێننه‌وه و ئه‌و كاره‌ی هه‌موو پیشه جۆراوجۆره‌كان بگرێته ئه‌ستۆ، دواجاریش ئه‌مه توێژێكی بێ توانا و ته‌مبه‌ڵی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، كه ناتوانن به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌ركه قورسه‌كان له سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانه‌وه بگرنه ئه‌ستۆ.
ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی تا ئێسته بوونی هه‌یه بووه‌ته هۆی دروستكردنی ترس و گومان و پرسیار له‌سه‌ر زیره‌كی ده‌ستكرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و بواره به به‌رده‌وامی په‌ره‌ی پێ بدرێت، تا 2030 به كوێ ده‌گات و زیره‌كی ده‌ستكرد له 2030 ده‌توانێ چیمان بۆ بكات؟ ئه‌مه پرسیارێكی ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانییه كه ئاراسته‌ی شاره‌زایان و پسپۆرانی كردووه.
یه‌كێك له شاره‌زایان دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، له 2030 مرۆڤایه‌تی پێویستی به‌وه نابێت به ملیۆنان دۆلار له به‌رهه‌مهێنانی فیلم خه‌رج بكات و ماوه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر خه‌ریكی وێنه‌گرتن و تۆماركردنی دیمه‌نه‌كانی فیلمێك بین، به‌ڵكو زیره‌كی ده‌ستكرد ئه‌و ئه‌ركه ده‌گرێته ئه‌ستۆ و له ماوه‌ی 24 سه‌عات ده‌توانێ فیلمێكی زۆر ورد و پێشكه‌وتوو و پڕ كوالێتی به‌رهه‌م بهێنێت، واته ئه‌و فیلمانه‌ی ئێسته به چه‌ندان مانگ و ساڵ كار له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانیان ده‌كرێت، له ڕۆژێكدا زیره‌كی ده‌ستكرد ده‌یخاته به‌رده‌ممان، بابه‌ته‌كه‌یش ته‌نیا پێوه‌سته به كاته‌وه، تا زیره‌كی ده‌ستكرد ئه‌و ئه‌ركه‌یش بگرێته ئه‌ستۆ.
له‌لایه‌كی تره‌وه د.عجاز عه‌لی سه‌رۆكی به‌شی بزنس و كۆمپیوته‌ر له زانكۆی رافنزبۆرن له له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا ئاشكرای كردووه، كه جیهانی گریمانه و خه‌یاڵی زۆر پێشكه‌وتوو ده‌بێ و منداڵان پێویستیان به‌وه نابێ بچنه قوتابخانه‌وه، به‌ڵكو ژینگه‌ی قوتابخانه و هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی تر كه له قوتابخانه بوونی هه‌یه له ڕێی جیهانی گریمانه‌یی و خه‌یاڵه‌وه دروست ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش له ڕێی چاویلكه‌ی زیره‌ك و پێشكه‌وتووه ده‌بێت، جیا له‌وه‌یش هه‌موو منداڵێك به‌شێوه‌ی هۆلۆگرام مامۆستای تایبه‌ت به‌خۆی ده‌بێ و هه‌ر كات پێویست به ڕوونكردنه‌وه بێت، یان پرسیار ئاراسته بكات، هۆلۆگرامه‌كه كه ڕۆڵی مامۆستا ده‌گێڕێت به ده‌م داواكارییه‌كه‌یه‌وه دێت و یارمه‌تی ده‌دات.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئیلزه‌ر یۆدكۆڤسكی توێژه‌ر و زانای به‌ناوبانگ له په‌یمانگه‌ی زیره‌كی ده‌ستكرد له بیركلی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر پرۆگرامسازان زیره‌كی ده‌ستكرد به زمانی پرۆگرامینگ زۆر ورد و پێشكه‌وتووانه دابڕێژن و بنیاتی بنێن، ئه‌وا ئه‌و چاوه‌ڕوان ده‌كات كه تا 2030 هیچ بوارێك پێویستی به مرۆڤ نه‌مێنێت و سه‌ره‌تای قه‌ڵاچۆبوون و له‌ناوچوونی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی و جیهان ده‌ست پێ بكات.
یه‌كێكی تر له كاریگه‌رییه‌كانی زیره‌كی ده‌ستكرد كه له 2030 به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت، زیادكردن و په‌ره‌پێدانی بڕ و به‌ها و نرخی ئابوورییه له جیهان، به گوێره‌ی ئه‌و شرۆڤه‌كارییانه‌ی كه تیمێكی شاره‌زایانی ئابووری له كۆمپانیای بی ده‌بلیو سی كه یه‌كێكه له گرنگترین كۆمپانیاكانی ژمێریاری و ئابووری له له‌نده‌ن ئه‌نجامی داوه، دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه به‌هۆی پێشكه‌وتنی زیره‌كی ده‌ستكرده‌وه به‌ها و نرخی ئابووری جیهان به ڕێژه‌ی 15.7 تریلیۆن دۆلار تا 2030 ڕوو له به‌رزبوونه‌وه ده‌كات، كه ئه‌مه‌یش به‌ها و نرخه‌كه‌ی زیاتره له ئابووری چین و هیندستان به‌یه‌كه‌وه، كه له ڕیزبه‌ندی به‌هێزترین ئابوورییه‌كان له جیهان هه‌ژمار ده‌كرێن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش شاره‌زان و پسپۆران پێشبینی ده‌كه‌ن، كه زیره‌كی ده‌ستكرد بتوانێ كێشه‌ی ته‌نگژه‌ی وزه له جیهان كۆتایی پێ بهێنێت و زیره‌كییه‌كه‌یشی هێنده پێشكه‌وتوو و به‌هێز ببێت، كه چاتبۆته‌كان و ڕۆبۆته زیره‌كه‌كان له ڕووی ئاستی زیره‌كییه‌وه هاوشێوه‌ی مرۆڤیان لێ بێت، پێشبینیكردنی تووشبوون به نه‌خۆشی لای مرۆڤه‌كان و پێوانه‌كردن و چاودێری جه‌سته و ته‌ندروستیمان و چاوێری كه‌سانی به ته‌مه‌ن و به ساڵاچوو له خانه‌ی به‌ساڵاچووان هه‌موو ئه‌مانه زیره‌كی ده‌ستكرد و ڕۆبۆته‌كان ده‌یگرنه‌ئه‌ستۆ و ژماره‌یه‌كی زیاتر له ملیۆنانانی خه‌ڵك بێكار ده‌بن.