سازان نەبێت نابێت.. ئەگەری هەیە تێپەڕاندنی بودجە دوا بكەوێت

:: PM:06:16:10/06/2023 ‌

پەرلەمانی عێراق لە پێنجشەمی رابردووەوە تونیویەتی دوو دانیشتن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە ساز بكات، تا ئێستەش 24 مادە لە كۆی 67 مادە دەنگی لەسەر دراوە، ئەوە هاوكات لەگەڵ چەندان سعات لە كۆبوونەوەی بەردەوام بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی سیاسی بەر لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، ئێستەش بڕیار بوو پەرلەمان سعات 5:00 كۆ ببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە نەكراوە.

ئێستە هەمووان باسی خواستی تێپەڕكردنی بودجە دەكەن و ناكۆكی قووڵیش هەیە، سەرچاوەیەكی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكات كە ئەگەر ئەمڕۆ شەموو پەرلەمان دانیشتنیش بكات، رەنگە نەتوانێت تەواوی پڕۆژەكە تێپەڕ بكات، چونكە تا ئێستە چەند بڕگە و مادەیەكی ناكۆكی لەسەر ماوە، بەتایبەتی پێوەست بە نەوتی هەرێمی كوردستانەوە.

ئەو سەرچاوە ئاشكرای كرد كە ئەندامانی پەرلەمان گوشاریان لەسەرە بۆ پێدانی كاتی زیاتر بە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی خاڵە ناكۆكەكان سەبارەت بە هەرێم، بەڵام ئەگەری هەیە لە ماوەی ئەم هەفتەیە دەنگدان لەسەر بودجە كۆتایی بێت.
ئەمڕۆ ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكان ئەوەیە لە حاڵەتی بوونی كێشە لە نێوان یەكێتی و حكوومەتی هەرێم لەبارەی پابەندییە داراییەكانەوە، ئەوان دەیانەوێ ئەوە جێگیر بكەن كە ماوەی 15 رۆژ بۆ هەرێم دیاری دەكەن بۆ چارەسەركردنی، دوای ئەوە شایستە داراییەكان هەرێم دەبڕن، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین كە لە حاڵەتی بوونی ناكۆكی، لیژنەیەكی هاوبەش لە ماوەی 30 رۆژ راپۆرتی خۆی بنووسێت و بیداتە سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی بڕیاری خۆی بدات.

لای خۆیەوە ئینتسار جەزائیری، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، مادەی 14 لە دۆسیەی پێوەندی نەوتی هەرێم بەغدا یەكلاكەرەوەیە، چەند كێشەیەك هەن، لەوانە نەبوونی متمانە بە پابەندبوونی هەرێم بە رادەستكردنی داهاتی نەوت و غازەكەی بۆ بەغدا، هەروەها ئەو بانكەی پارەكەی تیادا دادەنرێت، بۆیە مادەی 14 زۆر گرنگە. 

بەپێی سەرچاوەكان هەندێك لە سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوشار دەكەن بە ئاراستەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لەگەڵ پارتی بە پێدانی ماوەی 15 رۆژ بۆ گۆڕینی ئەو مادانە بە سازان، بەو مەرجەی مادەكانیتری بودجە تێپەڕ بكرێن، بەڵام پارتی رەتی كردووەتەوە و سوورە لەسەر یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان لەسەر مادەی 14 بەر لە دەنگدان لەسەر مادەكانیتر، بۆیە ئەگەر سازان و رێككەوتن دروست نەبوو، ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان ساز ناكرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل