"كابینەی نۆ سەلماندی كە ژیانی هاووڵاتییان گرنگترین شتە بۆ حكوومەت"

:: PM:08:26:16/09/2023 ‌

یەكێك لەو بەڵێنانەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی خوێندنەوەی كارنامەی كابینەكەی لەناو پەرلەمان و لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بە هاووڵاتییانی دا، هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بوو، باسی لەوە كرد كە ئامادەی هەر هەنگاوێكە بە ئاراستەی باشكردنی ژیانی هاووڵاتییان، چونكە هاووڵاتییانی كوردستان شایەنی ژیانی باشتر و خزمەتی زیاترن، ئەو كابینە بە بەردەوام ئەوەی سەلماندووە كە ئامادەی ئەنجامدانی هەر شتێكە لەپێناو هاووڵاتییان، تا كێشە بۆ خۆیان و بژێویان دروست نەبێت.

بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندانجار سەردانی بەغدای كردووە و لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری لەگەڵ سەرۆكەكانی حكوومەت لە كابینەی رابردوو و ئێستە كۆبووەتەوە، هەروەها بە دەیانجار شاندی حكوومەت سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق كۆبوونەتەوە، هەموو ئەوانەش لەپێناو گەیشتن بە چارەسەر و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بووە.

لەوبارەوە هەڵۆ سەمین، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ئەركی قورس بوو، ئەو كاتەی كە هەڵبژاردن كرا و ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشكرا بوو، پارتی وەك حزبی سەرەكی، مەسروور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت دیاری كرد، لایەنەكانی تریش كە یەكێتی و گۆڕان بوون، كە ل لە حكوومەت بەشدارییان پێ كرا، بەتایبەتی یەكێتی، بوونە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت، چونكە داوای زیاد لە قەبارەی خۆیان پۆست و پلەیان دەكرد.

روونی كردەوە، بۆیە حكوومەتەكە زیاتر لە هەشت مانگ دوای هەڵبژاردن دەستبەكار بوو، سەرۆكی حكوومەت لەناو پەرلەمان كارنامەكەی كابینەكەی پێشكەش كرد و بەڵێنی نانی باشترین هەنگاوی بۆ هاووڵاتییان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و خۆشگوزەران و چارەسەری كێشەكان و هەنگاوەكان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی ئەوان دا، كە لەهەر كوێیەك پێویست بە چارەسەری بكات، حكوومەت دەیكات.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی كرد، ئەم بەڵێنەی سەرۆكی حكوومەت و كابینەی نۆ بە بەردەوام كاری لەسەر كراوە، سەرەڕای گرفت و قەیرانە یەك لە دوای یەكەكان، كە لەو ماوەیە رووبەڕووی حكوومەت بوونەتەوە، هەروەها كێشە ناوخۆییەكانی بە بەردەوام بۆ حكوومەت دروست كراون، بەڵام حكوومەت كاری گەورەی كردووە، هەمیشە نیازپاكیی خۆی لە بەرانبەر چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغدا نیشان داوە، دەیانجار سەرۆكی حكوومەت و شاندی حكوومەت چوونەتە بەغدا، رێككەوتن كراوە، هەموو ئەمانە لەپێناو دەستەبەركردنی ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەران، كە سەرۆكی حكوومەت هەمیشە گوتوویەتی، "ئامادەی هەر شتێكە لەپێناو میلەتەكەی".

لای خۆیەوە محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە "وشە"ی گوت، لە ساڵی 2019 كە چەند مانگێگ بوو دەستبەكار بووبوو، هێشتا رێكخستنەوەی بۆ كارەكانی خۆی نەكردبوو، لە سەرەتای 2020 نەخۆشی كۆرۆنا هات و گەورەترین قەیرانی لە دنیا دروست كرد و هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، دوای ئەوە نرخی نەوت بە رادەیەك دابەزی كە نرخی بەرمیلێك گەیشتە 10 دۆلار و كەمتریش، ئەمانە وایان كرد كابینەی نۆ لەگەڵ دەستبەكاربوونی گەورەترین گرفت رووبەڕووی ببێتەوە و نەتوانێك دەست بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیە ببات كە داینابوو، چونكە هەموو هێز و دارایی و كار و بەرنامە و پلانی حكوومەت خرابووە خزمەت كەرتی تەندروستی، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و رزگاركردنیان لەو دۆخەی كە دروست بووە، بۆیە هەموو كاری فەرمانگەكان راگیرا و داهات بە تەواوی سفر بوو.

باسی لەوە كرد، بەهۆی ئەو پلانانەی كە حكوومەت داینابوو، توانرا سەركەوتوو بێت لە رووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی نەخۆشی كۆرۆنا، هاوكات هەموو قەیرانەكان تێپەڕێندران، دەست كرایەوە بە ژیانی ئاسایی و خزمەتكردنی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی ئەو كارنامەی حكوومەت داینابوو، سەرۆكی حكوومەت لەناو پەرلەمان چەندانجار باسی ئەوەی كرد و دوپاتی كردەوە كە خەڵكی كوردستان خزمەت دەكرێن، هەموو كارێك بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك دەكەین، ئابووری بەهێز دەكەین، كێشەكانی هەرێم و بەغدا چارەسەر دەكەین، ئێستەش سەرۆكی حكوومەت بۆ گەیشتن بەو بەڵێنانە و دوپاتكردنەوەی قسەكانی هەمیشە هەوڵی بۆ خەڵك داوە و كاری بۆ خزمەتكردنی خەڵك بووە و سڵی لە هیچ شتێك نەكردووەتەوە لەپێناو خەڵك.

پێوەست بەو بابەتە یادگار شوكر، شارەزای ئابووری بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، حكوومەت هەر كارێك بكات لە بەرژەوەندی خەڵك دەیكات، چونكە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە پێش هەڵبژاردن بە خەڵكی داوە، كاتێك حكوومەت بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ بكات، متمانەی زیاتر لای خەڵك وەردەگرێت، ئەوەش رێگە راستەكەیە لە نێوان هاووڵاتی وەك دەنگدەر لەگەڵ حكوومەت، بۆیە ئەوەی خەڵك لە حكوومەت چاوەڕێی دەكات، خزمەتكردن و گرنگیدانە بە خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان و دابینكردنی خۆشگوزەرانییە، بە گشتی حكوومەت ئامانجی ئەوەیە خەڵك بگەیەنێتە ژیانێكی ئارام و سەقامگیر لەپاڵ خزمەتكردنیان.

وشە/ تایبەت 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل