لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەهۆی راگرتنی بەشی كوردستان لە بەنزینی عێراق كە رۆژانە شەش تانكەری رەوانە دەكرد، نرخی بەنزین زیاتر لە 150 دینار بەرز بووەوە، بەڵام ئێستە بەنزین رۆژانە لە بەنزینخانەكان دابەش دەكرێت و بۆ نرخی هەر لیترێك 750 دینارە، قایمقامی هەولێرش دەڵێ، ئەگەر حكوومەتی فیدراڵ بەنزین بەپێی پێویست بۆ كوردستان بنێرێت، ئەوە بەنزینخانەكانیش زیاد دەكەن.
ئەمڕۆ یەكشەم 17 ئەیلوول، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ زیادكردنی بەنزینخانەكان، لەسەر ئەو بڕە بەنزینە دەوەستێت كە ئێستە لە بەردەستە، هەر كاتێك بەنزینی زیاتر هەبێت، بێگومان ژمارەی بەنزینخانەكان زیاد دەكرێن، هەوڵەكانیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە.
ئەو قایمقامە دەڵێ، "پێویستە حكوومەتی فیدراڵ زیاتر بێتە پێشەوە لەسەر ئەو بابەتە، بەشی كوردستانیش وەك پێویست بنێرێت، بەڵام زۆر بە كەمیی بەنزین دەنێرێت بۆ كوردستان، ئێستە نرخی فەرمی بەنزین كە حكوومەت پاڵپشتی دەكات، بە 750 دینارە ئەوەی لەو 21 بەنزینخانەیە دابەش دەكرێت، بەڵام ئەوانەی تر بازرگانین و نرخەكانیان لە بەنزینخانەكان جیاوازە، ئەوەیش لەبەرئەوەی سەرچاوەكانیان جیاوازە".