له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌فته‌یه‌كی نوێی بازاڕی بۆرسه و له ژێر كاریگه‌ریی زانیارییه ئه‌رێنییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هه‌وڵه‌كانی چین بۆ زیاتر گه‌شه‌پێدانی ئابووری و سیاسه‌ته‌كانی سعوودیه و ئۆپێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خستنه‌ڕووی نه‌وت، نرخی نه‌وت زیاتر هه‌ڵكشا و گه‌یشته نزیكه‌ی 95 دۆلار.
به‌گوێره‌ی dailyfx نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت، ئێسته به 94 دۆلار و 60 سه‌نت ده‌فرۆشرێت، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه هه‌فته‌ی رابردوو پێنج دۆلار له نرخی نه‌وت گران بووبوو، ئێسته نرخی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش به 91 دۆلار و 45 سه‌نت ده‌فرۆشرێت.
گرنگترین هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، كاریگه‌رییه‌كانی سیاسه‌تی ئۆپێك له‌لایه‌ك و سعوودیه و رووسیا له‌لایه‌كی تره، جگه له‌وه‌ی كه ئۆپێك به ته‌نیا پلانی دابه‌زاندنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی گرتووه‌ته‌به‌ر، سعوودیه‌ش خۆبه‌خشانه رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی كه‌م كردووه‌ته‌وه، رووسیاش هاوكاریی كردووه و لای خۆی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی دابه‌زاندووه، دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنانیش به واتای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ دێت، به‌تایبه‌تی كاتێك له به‌رانبه‌ردا قه‌باره‌ی داخوازیش به‌رز ببێته‌وه.
قه‌باره‌ی كڕینی نه‌وت به‌راورد به رابردوو له بازاڕه‌كانی ئاسیا زیادی كردووه. چین ده‌ستی به كڕینی نه‌وتی زیاتر و پڕكردنی كۆگه‌كانی نه‌وت كردووه و ده‌خوازێت گره‌نتیی زیاتر به پرسی هاورده ببه‌خشێت.
سعوودیه دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر دابه‌زاندنی خۆبه‌خشانه‌ی یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی تا كۆتایی ئه‌مساڵ درێژ كرده‌وه
سعوودیه دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر دابه‌زاندنی خۆبه‌خشانه‌ی یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی تا كۆتایی ئه‌مساڵ درێژ كرده‌وه، هاوكات رووسیاش بڕیاری دا 300 هه‌زار به‌رمیل له هه‌نارده‌ی نه‌وت تا كۆتایی ساڵ كه‌م بكاته‌وه.
هه‌واڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش له‌باره‌ی نه‌وت ئه‌رێنین و خستنه‌ڕوو به‌رانبه‌ر داخوازی كه‌می كردووه و بۆیه‌ش نرخه‌كه‌ی گرانتر بووه، له سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووزه‌وه 33 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له نه‌وتی كۆگه‌كراوی ئه‌مه‌ریكا دابه‌زیوه.
جێی باسه پێشتر بانكی گۆڵدمه‌ن ساكسی ئه‌مه‌ریكی پێشبینی كردبوو نرخی نه‌وت له ساڵی 2024 بگاته سه‌رووی 100 دۆلار، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێ نرخه‌كه به‌مزووانه و هه‌ر له ساڵی 2023دا بگاته 100 دۆلار.