بانكی ناوەندی چەند بڕیارێكی گرنگ دەردەكات

:: PM:07:00:24/09/2023 ‌

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بانكی ناوەندی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان، پارێزگاری بانكەكە رای گەیاند كە لە ساڵی داهاتوو بانكەكە دەستبەرداری حەواڵەی دەرەكی دەبێت و مامەڵە بازرگانییە ناوخۆییەكانیش بە دینار دەبێت، جیا لەو دۆلارەی بە گەشتیاران دەدرێت.

بە پێی بەیاننامەیەكی بانكی ناوەندی، ئەمڕۆ یەكشەم عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی دووپاتی كردەوە كە حەواڵەكان لە رێگەی بانكەكان گەیشتووەتە 60%ی كۆی حەواڵەكانی بانكی ناوەندی لە دەرەوەی سەكۆی ئەلیكترۆنی، رێژەی جێبەجێكردنی حەواڵەكانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 95%.

روونی كردەوە، ئەو رەوتەی كاركردنە لە دوای رێككەوتن بووە لە نێوان بانكی ناوەندی و بانكی فیدراڵی ئەمەریكا بە هاوشێوەی وڵاتانی دنیا، كاتێك بانكە ناوەندییەكان كاری جێبەجێكاری ئەنجام نادەن و رۆڵیان لە سەرپەرشتی و چاودێریكردن چڕ دەبێتەوە.

عەلاق لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك ئەنجوومەن و بەڕێوەبەرانی جێبەجێكاری بانكە مۆڵەتدراوەكان لە عێراق ئاماژەی كرد، بانكی ناوەندی بە چەند قۆناغێك هەوڵی داوە بۆ كردنەوەی كەناڵی پێوەندیی راستەوخۆی بانكە عێراقییەكان لەگەڵ بانكە بیانییەكان لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هیتریش، ئێستەش دەیەوێ كەناڵی حەواڵەكردن بە دراوی جۆراوجۆر، لەوانە درهەمی ئیماراتی و لیرەی توركی و روپیەی هیندستانی و یۆرۆ بكاتەوە.

پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاماەی كرد، هاتنی زۆرینەی بازرگانەكان بۆ ناو كەناڵی فەرمیی حەواڵەكردن و فەراهەمكردنی دۆلار بە نرخی 1320 دینار، هۆكارێكی راستەوخۆی كۆنترۆڵكردنی كۆی گشتیی نرخ و كەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بوو، كە پێوەرێكی بنەڕەتییە بۆ كارایی سیاسەتی دراو، چونكە ناگونجێت نرخی بازاڕی رەش بكرێتە پێوەر، كە پێوەندی بە دۆلاری كاشی مامەڵە نایاساییەوە هەیە و تەنیا تایبەت نییە بە مەبەستی بازرگانیی یاسایی.  

عەلاق دووپاتی كردەوە، سیستمی نوێی حەواڵەی دەرەكی و فرۆشتنی دۆلار، پارێزگاری لە مەترسییەكان بۆ هەموو لایەنەكانی مامەڵەی دارایی فەراهەم دەكات، لای هەردوو وڵاتیش قبووڵكراوە و لەگەڵ یاسای نەهێشتنی سپیكردنەوەی دراو و پاڵپشتیكردنی تیرۆر كۆكە و دەگونجێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل