بەرهەمی سێوی ئەمساڵی ورمێ دەگاتە ملیۆنێک و 200 هەزار تۆن

:: PM:01:23:29/09/2023 ‌
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرهەمهێنەری سەرەکیی سێو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەژمار دەکرێت و پێشبینی دەکرێ بەرهەمی ئەمساڵی بگاتە سەرووی ملیۆنێک و 200 هەزار تۆن.

ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە لێکردنەوەی سێو دەستی پێ کردووە و تا زیاتر لە مانگێکی تر درێژە دەکێشێت. پارێزگای ورمێ خاوەنی 280 هەزار دۆنم باخە کە لەو رووبەرە 50%ی باخی سێون و لە هەر دۆنمێکدا بە تێکڕا پێنج تۆن سێو بەرهەم دەهێنرێت.

بەهۆی ئەو کەشوهەوا لەبارەی پارێزگاکە هەیەتی بەرهەمی سێوی زۆر نایابە و هەناردەی پارێزگاکانی تری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە دەکرێت.

خەسرەو شابازی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ رای گەیاندووە بەرهەمی ئەمساڵی سێوی ورمێ لەوانەیە بگاتە سەرووی ملیۆنێک و 200  هەزار تۆن کە لەو بڕە 750 هەزار تۆنی بۆ وڵاتانی هیندستان، پاکستان، رووسیا، عێراق و ئەفغانستان هەناردە دەکرەت.

بەگوێرەی ئیرنا، ئەو ئاماژەی داوە ئەو بەرهەمە وای کردووە هەلی کار بۆ دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگاکە دابین بکرێت و خەڵک لە کەرتی جیاوازی چنین و کۆگاکردن و گواستنەوە خەریکی کار بن.


وشە - سلێمان تاشان