ئەمینداری پێشووی حزبوڵا بۆ خامنەیی: وازمان لێ بێنە

:: AM:11:37:15/10/2023 ‌
ئەمینداری پێشووی حزبوڵا بۆ خامنەیی: وازمان لێ بێنە ئەمینداری گشتیی پێشووی حزبوڵای لبنان، پەیامێكی توند و یەكلاكەرەوە بۆ خامنەیی دەنێرێت و دەڵێ، چیتر فریومان مەدە، یان وەرە ناو شەڕەكە بە تەواوی، یان بە سەرباز و كەرەستەكانتەوە، وازمان لێ بێنە.

شێخ سوبحی تفیلی لەو پەیامەدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس/تویتەر، بڵاوی كردووەتەوە، بە دەق بە عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ: "خامنەیی ئازیز: هەر ئەمڕۆ، نەک سبەی یان ڕۆژی دواتر، واز لە شانۆگەری هاوبەشیی و فریودان بێنە و بەشداری شەڕەکە بکە، یان بە کەرەستە و سەربازەکانتەوە بڕۆن".

ئەلتوفی لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا كە هاوكاتە لەگەڵ گەرمبوونی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، ئەوەش دەخاتە ڕوو، "ئەو وڵاتەی من وەک سەرباز چوومە ناویان، بۆ چەسپاندن و پاراستنی میلەت بوو، بەڵام تۆ وەک تاعون، گەندەڵی بڵاو دەکەیتەوە و خەڵک دەکوژی، ئەوانیش هەروا". وەك ئاماژەیەك بۆ حزبوڵا و بریكارەكانی تری ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە كە بەردەوام لە كاری خراپەدا رۆڵ دەبینن.

بریكارەكانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكەدا بریتین لە: حەشدی شەعبی لە عێراق، بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین، حوسییەكان لە یەمەن، دەیان گرووپ لە سووریا و حزبوڵا لە لبنان.

بەرەبەیانی رۆژی شەموو حەوتی ئۆكتۆبەری 2023، خەڵكی ئیسرائیل بە هێرشێكی لەناكاو و تۆقێنەری بزووتنەوەی حەماس بە ئاگا هاتن، كە بۆ یەكەمجار بوو چەكدارانی ڕێكخراوە ئیسلامییەكە، هەموو بەربەستەكانی سوپای ئیسرائیلیان بڕی و چەند ئۆردوگایەكی جوونشینیان گرت و سەتان كوژرا و رفێنرا و برینداریان لە ئیسرائیل تۆمار كرد.




وشە - لاڤین عومەر