بەرمیلی نەوتی سپی لە بازاڕ 15 هەزار دیناری تر دابەزی

:: AM:11:18:07/11/2023 ‌
بەهۆی بەردەوامی دابەشکردنی نەوت لەلایەن حکوومەتی هەرێمی كوردستان، نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردووە. ئەندامێکی کۆمەڵەی نەوتفرۆشان ڕای دەگەیەنێت كە نرخی نەوت ئەمساڵ لەگەڵ ساڵی رابردوو 80 هەزار دینار كەمترە. 

ئەمساڵ 2023، هەرزوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم دەستی بە دابەشكردنی نەوت كرد و تا ئێستە بەپێی داوا داتا، 300 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە كە بۆ هەر یەكەیان 200 لیتر دابین كراوە.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تشرینی دووەم، رەمەزان سەعید ئەندامی کۆمەڵەی نەوتفرۆشانی هەولێر، بە"وشە"ی راگەیاند، نرخی نەوت ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێ 15 هەزار دینار دابەزینی تۆمار کرد، ئەوەیش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵك نەوت وەردەگرێت و خواست لەسەر کڕین کەمە.

نرخی یەك بەرمیل نەوتی بەسڕا کە باشترین جۆری نەوتی عێراقە، لە 180هەزار دینارە دابەزی بۆ 165 هەزار دینار
بەگوتەی ڕەمەزان، ئەمڕۆ نرخی یەك بەرمیل نەوتی بەسڕا کە باشترین جۆری نەوتی عێراقە، لە 180هەزار دینارە دابەزی بۆ 165 هەزار دینار، هەروەها یەک بەرمیل نەوتی ئێرانی لە 170هەزار دینارەوە هاتە 155 هەزار دینار.

حكوومەتی هەرێم سەرەتا نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش دەكات بەهۆی ئەوەی سەرما زووتر دەست پێ دەكات، دواتر دێتە شارۆكەكان و ئینجا شارە گەورەكان.

"دابەشكردنی نەوتی حکوومی وایکردووە نرخی نەوتی بازرگانیی بەردەوام ڕوو لە دابەزین بکات و پێشبینی دابەزینی زیاتریش دەکەین" رەمەزان سەعید وای گوت. دووپاتیشی كردەوە "نرخی نەوت بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمکاتە، 80 هەزار دینار جیاوازی هەیە و نرخەکەی هەرزانترە، چونكە پار یەك بەرمیل نەوت 240 هەزار دینار بوو.

حكوومەتی هەرێم سەرەڕای گوشارە جۆراوجۆرەكانی سەری لەلایەن عێراق و وڵاتانی دراوسێوە، بەڵام بەردەوامە لە خزمەت و لەو سێكتەرانەی كە خۆی دەتوانێ كاری تێدا بكات، هەمیشە خزمەت دەگەیەنێت.


وشە - رامیار جەواد