بانكی ناوەندی لەبارەی دۆلار رێككەوتنی لەگەڵ ئەمەریكا كرد

:: AM:11:30:11/11/2023 ‌
بانكی ناوەندیی عێراق و وەفدێكی باڵای ئەمریكا لەسەر چەند خاڵێكی تایبەت بە دۆلارو حەواڵە دەرەكییەكان رێككەوتن، ئامانجیش لە رێككەوتنەكە نەههێشتنی رێگرییەكانی بەردەم پارەداركردنی پێشوەختە.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی تشرینی دووەم، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە، شاندێكی بانكی ناوەندیی عێراق لەشاری ئەبوزەبی ئیمارات لەگەڵ لێپرسراوی پرۆسەی هەناردە دەرەكییەكان بۆ پارەداركردنی هاوردەكان كۆبووەتەوە و لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون.

لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە ئاشكرا كراوە، رێككەوتن لەسەر پارەداركردنی پێشوەختی هەژماری پێنج بانكی عێراقی بە دۆلار لە بانكە ئوردنییەكان و حەواڵەكانیان لە رێی بانكی جەی پی مۆرگانی ئەمەریكییەوە بێت.

ئاماژەی بەوەش كراوە، رێككەوتنی دووەم بریتییە لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەی پێوەندییان بە حەواڵە رەتكراوەكانەوە هەیە، بەڵام مەرجێك رەتكردنەوەكان پشتبەستوو بێت بە بەڵگەی بەهێز.

باس لەوەش كراوە، هەر لە ئەبوزەبی چەند كۆبوونەوەیەكی تر كراون لە نێوان بانكێكی ئیماراتی و بانكی ناوەندیی عێراق و لایەنی ئەمەریكی بە مەبەستی جێبەجێكردنی میكانیزمێك بۆ پارەداركردنی بانكە عێراقییەكان بە درهەمی ئیماراتی.

تا ئێستە ساڵێك بەسەر بڕیاری حكوومەتی عێراق تێپەڕ دەبێت بۆ هەرزانكردنی نرخی دۆلار، بەڵام نرخی دۆلار ئێستە بە بەرزتر لەو نرخە مامەڵەی پێوە دەكرێت.





وشە - رامیار جەواد