بەڵگە.. بەشێک لە تونێلەکانی حەماس لەژێر نەخۆشخانەی ''شیفا''دا دۆزرانەوە

:: PM:09:19:19/11/2023 ‌
کەمێک پێش ئێستە، سوپای ئیسرائیل لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە بەڵگەی خستنەڕووی تونێلەکانی حەماسی لەژێر نەخۆشخانەی ''شیفا''دا بڵاوکردەوە، بەمەیش یەکلایی بووەوە کە نەخۆشخانەکە بە مەبەستی سەربازی بەکارهێنراوە.

تونێلەکە لەلایەن "شین بێتی"ى دەزگاى هەواڵگریی مۆسادەوە لە ڕێگەی دوو ئامێری لێکۆڵەرەوە دۆزراوەتەوە، ئامێرەکان شۆڕکراونەتەوە بۆ دەرگای خوارەوە و درێژبوونەتەوە ناو تونێلەکە و یەکەمین دەرگای تونێلەکە دەرکەوتووە.

تونێلەکە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر نەخۆشخانەی ''شیفا''وە، دەروازەی تونێلەکە بە پەڕۆیەک لە شێوەی رەشماڵ داپۆشراوە و پڕ چەک کراوە.

ڤیدیۆ نوێیەکە دەری دەخات، تونێلەکە پلیکانەیەکی پێچاوپێچی هەیە لە قووڵایی نزیکەی سێ مەترەوە، پاش ئەو سێ مەترە حەوت مەتری تر قووڵ دەبێتەوە، ئینجا دەگات بە تۆڕی ئاڵۆزی تونێلەکان و دواتر بە درێژایی 50 مەتری تر بەردەوام دەبێت. 

دوێنێ لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاوە ڕاگەیانرا کە زانیاری هەواڵگریان لایە دەربارەی بەکارهێنانی نەخۆشخانەکە لە لایەن حەماسەوە بۆ مەبەستی سەربازی، هەروەها لە ژێر نەخۆشخانەکەدا فەرماندەیی حەماس بوونی هەیە.

پێشتر لە ''وشە'' ڕاپۆرتێکمان لە بارەی تونێلەکانی حەماسەوە بڵاوکردووەتەوە کە بەوردى باس لە تونێلەکانی حەماس کراوە و دەتوانن خوێنەری بن.


وشە - ئارا هێمن