مافیایەكی پاكستانی لە نەجەف گیرا

:: PM:07:48:24/11/2023 ‌
سەرچاوەیەكی پۆلیس بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند كە چەند خاوەن نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو توانیویانە مافیایەكی گیرفانبڕین لە ناوەڕاستی نەجەف بگرن و رادەستی پۆلیسیان كردووە. 

ئەمڕۆ هەینی 24ی تشرینی دووەمی 2023، پێگەی هەواڵی "شەفەق نیوز" لە زاری سەرچاوەیەكی پۆلیسەوە رای گەیاند، چەند كەسێك كە خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراون لە ناوەڕاستی پارێزگەی نەجەف توانیویانە دوو گەنجی ئاسیایی بگرن كە خەڵكی پاكستان بوون و كاری سەرەكییان بریتی بووە لە بڕینی گیرفانی هاووڵاتییانی عێراقی لە ناوەڕاستی شارەكە. 

سەرچاوەكەی پۆلیس روونی كردوەتەوە، دوای ئەوەی گەنجێكی پاكستانی بڕی 20 ملیۆن تمەنی ئێرانی لە هاووڵاتییەكی عێراقی دەستێنێت و هەڵدێت، توانراوە لەلایەن خاوەن نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە گەنجەكە بگیرێت و رادەستی نزیكترین بنكەی پۆلیسی شارەكە بكرێت. 

بەهۆی بەردەوامی هەڵبەز و دابەزی دراوەكانی تر بەرانبەر بە دیناری عێراقی، خەڵكێكی زۆر بە مەبەستی قازانج روویان كردووەتەوە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە تەواوی شارەكانی عێراقدا و باندەكانی گیرفانبڕینی ناوخۆی و بیانیش لەو بازاڕانە كۆبوونەتەوە و هەلەكەیان قۆستووەتەوە بۆ بڕینی گیرفانی هاووڵاتیان.


وشە - پۆڵا مەحموود