خەمبارترین فیلی دنیا مرد

:: PM:06:55:29/11/2023 ‌
 
فیلێکی بە تەمەن کە لە لایەن چالاکانەوە بە خەمبارترین فیلی دنیا ناو نرابوو و هەموو ژیانی بە تەنیایی بەسەر بردبوو، لە باخچەیەکی ئاژەڵانی فلیپیندا سەری نایەوە.

"مالی" ئەو فیلە بەتەمەنەیە کە سەرنجی زۆرێک لە گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو، زۆرێک لە سەردانکەرەکانی ئەو باخچەی ئاژەڵانەی کە ئەوی تێدا بوو، بە تایبەتی سەردانی ئەویان دەکرد کاتێک دەهاتنە باخچەی ئاژەڵانەکە.

چالاکوانانی مافی مرۆڤ خەمی فیلەکەیان بوو و پێان وابوو کە مالی دوچاری خەمۆکی بووە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی کە فیلەکە دوچاری گۆشەگیری بووە و بە تەنیا ژیاوە.

ئەو چالاکانەى داوایان کردووە کە "مالی" بگوازرێتەوە بۆ جێگەیەکی تر کە خەڵک و ئاژەڵی زیاتری تێدا بێت، وەک لەوەی لە باخچەیەکی ئاژەڵاندا بهێڵرێتەوە.

کارمەندێکی باخچەی ئاژەڵانەکە کە هاوڕێی فیلەکە بووە دەڵێ، ئەم هەینییە مالی لووتە درێژەکەی دەدایەوە بە دیوارەکەدا، ئەم نیشانەیە لە فیلدا بە واتای بێزاری و ماندوویەتی دێت، هەروەها لەم چەند ڕۆژەی دواییدا فیلە خەمبارەکە هەناسەی تەنگ بووە و باری تەندروستیی تێکچووە. 

مالی کە ناوی تەواوی ڤیشوا مالییە، لە ساڵی 1966 و بە تەمەنی 11 مانگییەوە لە لایەن سریلەنکاوە بە دیاری دراوە بە خانمی یەکەمی ڤلیپین و لە باخچەیەکی ئاژەڵان دانراوە، کاتێک مالی هاتووە بۆ فلیپین و لە باخچەی ئاژەڵان جێگیر کراوە، ئەو باخچەیە تەنیا یەک فیلی تری تیا بووە و پاش ماوەیەک ئەویش مردووە و بەم هۆیەشەوە مالی بێ هاوڕێ سەری نایەوە.

ئێستە فلیپین داوای فیلێکی تری کردووە لە سریلەنکا. 


وشە - ئارا هێمن