زێڕ بەرزترین نرخی مێژووی تۆمار كرد

:: AM:10:37:02/12/2023 ‌
نرخی زێڕ لەسەر ئاستی دنیا بەرزترین نرخی مێژووی تۆمار كرد، ئەمەیش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ لە هەرێمی كوردستان دانا.

ئەمڕۆ شەموو دووی كانوونی یەكەم، پێشەوا مەجید خاوەنی دوكانی زێڕنگری، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی ئۆنسێك زێڕ لە بۆرسەی دنیا گەیشتە دوو هەزار و 72 دۆلار، ئەمەش لە كاتێكدایە كە دوێنێ‌ بە دوو هەزار و 41 دۆلار مامەڵەی‌ پێوە كرا.

باسی لەوەش كرد، پێشتر لە ساڵی 2020 نرخی ئۆنسێك زێڕ گەیشتە دوو هەزار و 70 دۆلار كە ژمارەی پێوانەیی بوو، ئەمڕۆ ئەو نرخەشی تێپەڕاند.

بەگوتەی ئەو زێڕنگرە نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی كوردستان بەم شێوەیەیە:
زێڕی عەیار 21 بە 460 هەزار دینار
زێڕی عەیار 18 بە 400 هەزار دینار
زێڕی عەیار 22 بە 480 هەزار دینار
زێڕی عەیار 24 بە 520 هەزار دینار

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئەو نرخە لە كاتێكدایە، ئێستە رێوشوێنەكانی ئەمەریكا و سیاسەتە ئابوورییەكانی، كاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ هەیە، هۆكارێكی تر شەڕەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. 



وشە - رامیار جەواد