"لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجە بەردەوامین"

:: PM:08:50:05/12/2023 ‌

سەرەڕای رێككەوتنەكان و پەسندكردنی یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، كە پشكی هەرێمی كوردستانی تیادا دیاری كراوە، بەڵام بەغدا نەك شایستە داراییەكانی هەرێم و پارەی پێویستی بۆ مووچەخۆران نەناردووە، بگرە چەند وەجبەیەك پارەی بە قەرز رەوانە كردووە و دوا وەجبەی تا ئێستە دواخستووە، وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت كە لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە بەردەوامن. 

وەك لە راگەیاندنێكی وەزارەتەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەم ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە نەسروڵا رەشنوودی، كونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر و شاندی هاوەڵی كرد، وەزیری دارایی باسی دوایین هەنگاوەكان و گفتوكۆی نێوان هەرێم و بەغدای لەسەر پرسی بودجە و مووچە كرد.

ئاماژەی بەوە كرد كە هەوڵەكانیان بە ئاراستەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عێراق بەردەوامە، بەو هیوایەی بتوانن بۆ ساڵی داهاتوو پرسی مووچەی فەرمانبەران لە هەموو كێشە و ململانێیەك دوور بخەنەوە، بە یەك پێوانە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم وەك تێكڕای مووچەخۆرانی پارێزگاكانی تری عێراق بكرێت، داوای لە كونسوڵی گشتیی ئێران كرد لە رێی پێوەندییەكانیانەوە بۆ چارەسەی كێشەكان هاوكار بن.

لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی ئێران رای گەیاند كە توانا و پێوەندییەكانی خۆیان بۆ چارەسەركردنی زووی كێشەكانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و مووچە بەكار دێنن، جیا لەوە باسی شایستەی كۆمپانیا ئێرانییەكانی كرد كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و بەهۆی تەنگژەی داراییەوە شایستەكانیان دوا كەوتووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل