ریزبەندی باشترین وڵاتان بۆ ساڵی 2023... سویسرا یەكەمە و عێراقیش ئاماژەی پێ نەكراوە

:: PM:06:46:09/12/2023 ‌
بۆ دووەم ساڵ لەسەریەك و بۆ جاری شەشەم لە مێژوودا، سویسرا بە باشترین وڵات هات لە ریزبەندیی ساڵانەی باشترین وڵات بۆ ساڵی 2023، ریزبەندییەكە لەلایەن گۆڤاری US News و World Reportبڵاوكراوەتەوە و چەندان پێوەری جیاوازی لەخۆ گرتووە بۆ دانانی ریزبەندییەكە.

کەنەدا، سوید، ئوسترالیا و ئەمریکا، لە پلەی دووەم هاتوون، ئەم سێ وڵاتە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ یەک خاڵ دابەزینیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەمەیش بۆ یەكەمجارە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو.

ئەڵمانیا بەراورد بە ساڵی 2022 گەورەترین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، كە پێنج پلە دابەزیوە. لە بەرانبەردا، ئوسترالیا و نیوزلەندا گەورەترین سەركەوتنیان لە پلەبەندییەكە بەدەستهێناوەی بەراورد بە ساڵی رابردوو سێ پلە بەرزبوونەتەوە.

گۆڕانکاریی بەرچاو لە هەندێک لەو وڵاتانەی لە پلەی خوارەوەی لیستەکەدا بوون ڕوویداوە، چەندان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ریزبەندییەكەدا بەرزبوونەتەوە، وەك عومان بەراورد بە ساڵی رابردوو 13 پلە بەرزبووەتەوە و ئێستە لە پلەی 65ـەمە، ئەمەیش گەورەترین سەركەوتنە لە بەراوردی نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023.

هەروەها یەكێكی تر لەو وڵاتانە "بەحرەین"ە کە كە نۆ پلە لە ریزبەندییەكە سەركەوتووە و دووەم گەورەترین بەرزبوونەوەیە بە بەراوردی نێوانی ساڵانی 2022 بۆ 2023، بەحرەین جگە لە پێگەی بەهێزی دارایی، ئاماژە بەوە دەكرێت کە بەحرەین رۆڵی بەرچاوی لە بواری وەرزشدا هەیە، چونکە میوانداری پێشبڕکێی ساڵانەی ئۆتۆمبێلی "فۆرمۆلا یەک" دەکات.

بەپێی ریزبەندییەكە 10 خراپترین وڵات لە پلەكانی كۆتایی ئەمشێوەیەیە، کامیرۆن، جەزائیر، میانمار، هندۆراس، سربیا، ئۆزبەکستان، کازاخستان، لوبنان، بیلاڕووس و ئێران، لە پۆڵینكردنەكەدا عێراق ئاماژەی پێ نەكراوە.



وشە - رزگار خدر