عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە زۆرترین داوای خواردنی تێدا دەكرێت و لە رێی ماتۆڕەكانەوە دەگەیەنرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ داواكردنی خواردن لە رێی ئینتەرنێتەوە و گەیاندنی بە ماتۆڕ، لە عێراقدا بگاتە 845 ملیۆن دینار .
بەپێی داتایەك لە ژوری بازرگانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە ئەمساڵ بازاڕی گەیاندنی خواردن بە رێژەی 40% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ساڵ بگاتە 845 ملیۆن دیناری عێراقی.
لە شەقامی سەرجەم شارەكانی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە، ماتۆڕەكانی گەیاندن بەردەوام جرتوفرتیانە و بوونەتە هۆیەكی بێزاركردنی خەڵك، بەڵام ئێستە ئەو ماتۆڕانە بوونەتە سەرچاوەی داهاتی هەزاران كەس لە عێراقدا.
خەڵك زۆر داوای خواردن لە خواردنگەكان دەكەن بەڕێی ماتۆڕەكانەوە دەگاتە ماڵەكانیان، ئەمەش پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی داهاتوو رێژەی گەشەكردنی ئەم بازاڕە بۆ 26% بەرز ببێتەوە، تا ساڵی 2028 بگاتە دوو ملیار دیناری عێراقی.
لە ئاستی دنیادا لە رووی داهاتی داواكردنی خواردن لە رێی ئینتەرنێتەوە گەیاندنی بە ماڵان، چین لە پلەی یەكەمدایە و ئەمساڵ لەو رێیەوە 395.90 ملیار دۆلار داهاتی بووە.