پەرلەمانتارێک: مووچە كەوتە قوڕگی ڕێوییەوە

:: PM:05:02:28/02/2024 ‌

پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دەڵێت، پێموایە مەترسیدارترین بڕیاری بەغدا بۆ مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لە 2014ەوە تا ئێستا، ئەم بڕیارەی دادگەی باڵا بووە.

ئەمڕۆ چوارشەم، 28ی شوبات، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕای گەیاند، دوایین بڕیاری دادگای باڵا لەبارەی مووچەی هەرێمی كوردستانەوە، بەدیدی من لەجێی هەلهەلەبۆكردن، وەلوەلەی دەوێت.

هەروەها دەڵێت، ‏‎پێموایە مەترسیدارترین بڕیاری بەغدا بۆ مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لە 2014ەوە تا ئێستا، ئەم بڕیارەی دادگای باڵا بووە. جاران بەدەستهێنانی شتێك قورس بوایە، دەیانگوت لە قورگی شێردایە، من پێم وایە ئێستا بڕیاری دادگا، مووچەی هەرێمی كوردستانی خستە قورگی ڕێوییەوە! ئیتر ڕێوییە و هەزار و یەكە فێڵەكانی!

بەپێی ئەو میكانیزمەی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ كار لەسەر مووچە دەكات، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، وەك مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەزگا حكوومییەكان لە حكوومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان، لە بانكە فیدراڵییەكاندا "تەوتین" بەجێ بكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی گوتەكانیدا كە لە واڵی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی، جا قەراری دادگای باڵای فیدراڵی كۆتایی و پابەندییە و گەڕانەوەی نییە، واتە ئیتر مووچەكە هەموو مانگێك دەكەوێتە قورگی ڕێوییەوە و هاوار و فریاد فریای فێڵەكان ناكەوێت و بە هیچ شێوەیەك قەرارەكە ناگۆڕێت، بۆیە بەدیدی من، مەترسیدارترین بڕیارە لەبارەی مووچەوە!


وشە - عەبدوڵا عومەر