هەژماری من گەیشتە سلێمانی و تەواوی فەرمانبەران كارتی بانكییان بۆ دروست دەكرێـت

:: AM:10:03:29/02/2024 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی شوبات، فەرمانبەرانی كاروباری هونەریی پارێزگای سلێمانی، ئاگادار كرانەوە كە سەردانی بەشی ئایتی بكەن بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی "هەژماری من"، ئەمەش لە كاتێكدایە لە هەولێر زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر هەژماریان بۆ كراوەتەوە.

لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێی بانكە فیدراڵییەكانی عێراقەوە. وەزیری دارایی عێراق ڕای گەیاند، لە مانگی ئادارەوە بە بێ كردنەوەی هەژماری بانكی لە بانكە فیدراڵییەكاندا، مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نانێرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە كردووە، تا ئێستە لە پارێزگای هەولێر نزیكەی 210 هەزار فەرمانبەر هەژماریان بۆ كراوەتەوە، نزیكەی 80 هەزار فەرمانبەریش كارتی بانكییان وەرگرتووەتەوە، مانگی ڕابردووش نزیكەی سێ هەزار فەرمانبەر لەڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.

ڕۆژی یەكشەم 11ـی شوبات، پرۆسەی تۆماركردنی ناوی فەرمانبەرانی داودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری هەردوو پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك دەستی پێ كرد، تا سەرجەمیان بخرێنە ناو سیستمی هەژماری من.

بڕیارە ئەم پرۆسەیە فەرمانبەرانی سەرانسەری هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، چونكە بەپێی بڕیاری حكوومەتی هەرێم و بڕیاری حكوومەتی فیدراڵیش، لەمەودوا هەموو فەرمانبەران لەڕێی كارتی بانكییەوە مووچە وەردەگرن. ئەوە لە كاتێكدایە حكوومەتی هەرێم ڕژدە لەسەر ئەوەی فەرمانبەرانی كوردستان لەرێی وەزارەتی داراییەوە، مووچەكانیان بۆ بخرێتە سەر هەژماری من.



وشە - سۆران عەزیز