میدیا رووسییەكان: لە ئەنجامی هێرشێكدا لە هۆڵێكدا 140 قوربانی هەن

:: PM:10:06:22/03/2024 ‌
 
سەرۆكی شارەوانی مۆسكۆ رای گەیاند، لە ئەنجامی رووداوێكی تەقەكردن و ئاگركەوتنەوە لە یەكێك لە هۆڵەكانی ئاهەنگگێران لە مۆسكۆ، 40 كەس كوژران و 100ی تریش بریندار بوون. 

ئەمڕۆ هەینی 22ی ئاداری 2024،  میدیا رووسییەكان بڵاویان كردەوە، لە ئەنجامی هێرشێكی چەكداری بۆ سەر كۆمەڵگەی "گرۆكۆس" لە مۆسكۆ لانی كەم 40 كوژراو و 100 بریندار هەن و دوای رووداوی تەقەكردنیش ئاگر لە هۆڵەكە كەوتووەتەوە و تەقینەوەیش رووی داوە. 

لای خۆشییەوە ئاژانسی "تاس"ی رووسی بڵاوی كردەوە، سێ كەسی ریشدار هاتوونەتە ناو هۆڵەكە و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەیان لە هاووڵاتیانی ناو هۆڵەكە كردووە. 

لەبارەی رووداوەكەیشەوە، كۆشكی سپی لە راگەیەنراوێكدا سەرەخۆشی بۆ كەسوكاری قوربانیانی هێرشە چەكدارییەكەی مۆسكۆ دەربڕی و "جۆن كێربی" گوتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، هاوسۆزی خۆمان بۆ كەسوكاری قوربانیان دەردەبڕین و ئاماژەیشی دا كە هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ تێوەگلانی ئۆكراینا لە هێرشەكەدا.
 


وشە - پۆڵا مەحموود