له دوای هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی داعش له مۆسكۆ كه بووه هۆی كوشتنی زیاتر له 133 كه‌س، ڕووسیا هێرشی مووشه‌كی و بالیستی كرده سه‌ر شاری لڤیڤ له ڕۆژئاوای ئۆكراینا، به‌م هۆیه‌شه‌وه پۆڵه‌ندا هێزی ئاسمانی خسته ئاماده‌باشی.
ئه‌مڕۆ 24ی ئادار پێگه‌ی ''
سكای نیوز'' بڵاوی كرده‌وه، ڕووسیا چه‌ندان هێرشی مووشه‌كی كردووه‌ته سه‌ر ڕۆژئاوای ئۆكراینا كه نزیكه له پۆڵه‌نداوه، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باس له‌وه ده‌كه‌ن، مووشه‌ك و فڕۆكه‌كانی ڕووسیا ئاسمانی پۆڵه‌ندایان به‌زاندووه، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی وه‌رگرتنی ئاماده‌باشی له‌لایه‌ن پۆڵه‌نداوه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕووسیا له هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو.
ئێسته پۆڵه‌ندا سیستمی ئاسمانی چالاك كردووه و له ئاماده‌باشیدایه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕووسیا ببێته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیا په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئۆكراینا تۆمه‌تباره له هێرشه تیرۆریستییه‌كه. پوتین گوتیشی، تیرۆریسته‌كان دوای هێرشه‌كه‌یان به‌ره‌و ئۆكراینا ڕایان كردووه.
هه‌ستیاریی دۆخه‌كه له ئاستێكدایه پۆڵه‌ندا كه ئه‌ندامی ناتۆیه، كه‌وتووه‌ته به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی ڕووسه‌كان، ئه‌مه‌یش دوای هێرشی تیرۆریستی بۆ سه‌ر مۆسكۆ له‌لایه‌ن داعشه‌وه و تۆمه‌تباركردنی ئۆكراینا به ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه له‌لایه‌ن ڕووسیاوه.