لە كۆی 54 هەزار ناوی شەهیدی شەڕی داعش زیاتر لە 23 هەزاریان ساختەن

:: AM:11:47:26/03/2024 ‌
رێكخراوی شەهیدانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە كۆی 54 هەزار ناوی شەهید و قوربانییانی شەڕی داعش، زیاتر لە 23 هەزاریان ساختەن.

عەبدولئیلا نائیلی سەرۆكی رێكخراوی شەهیدانی عێراق، بە میدیای عێراقی  ڕای گەیاند، لە كۆی 54 هەزار ناوی شەهید و قوربانییانی شەڕی داعش، زیاتر لە 23 هەزار مامەڵەی ساختەیان لە ئەنبار و چەند پارێزگایەكی ترن، ئەو گەندەڵییەشیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی عێراق ئاشكرا كردووە.

سەرۆكی رێكخراوی شەهیدان دەڵێت، جگە لەوەی بەشی زۆری ناوەكان خەیاڵین، بەشێكی تریان ناوی كەسانی بیانین، تەنانەت 736 ناو لەوانە كەسانێك بوون خۆیان تیرۆریست بوون یان تێوەگلاو لە كردەوە تیرۆریستییەكان بوون.

 عەبدولئیلا نائیلی سەرۆكی رێكخراوی شەهیدانی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، 69 كەسی لەو لیستی شەهیدانەدا بوون كە فەرمانی گرتنیان هەبووە، 657 كەسی تریش زانیاری و سكاڵای تەناهییان لەسەرە.

سەرۆكی رێكخراوی شەهیدان باسی لەوەش كردووە، زۆربەی ئەو وەفاتنامە و ڕاپۆرتە پزیشكییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئەنبار و پارێزگاكانی ترەوە دەرچوون ساختەن، كەچی بەبێ هیچ لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوەیەك، چەندان ساڵە مووچەی مانگانەیان بۆ دەچێت.

دەستەی دەستپاكی عێراق ئاشكرای كردبوو، زیاتر لە 10 هەزار مامەڵە و ناوی ساختەیان لە لیستی شەهیدانی عێراقدا دۆزیوەتەوە، بەهۆی ئەو گەندەڵییانەوە بە ملیاران دیناری حكوومەت بەهەدەر دراوە.



وشە - سۆران عەزیز