سۆنه‌ر كاگاپتای توێژه‌ر له
په‌یمانگه‌ی واشنتن له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد و هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانیی توركیا ده‌نووسێت، له ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی پاڵێوراوه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان به‌سه‌ر ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلۆ پاڵێوراوی جه‌هه‌په له كێبه‌ركێی هه‌ڵبژاردنی گه‌وره شاره‌وانیی ئیستانبوڵ، ئه‌وا ئه‌ردۆغان ده‌ست له سیاسه‌ته نه‌ته‌وه په‌رستییه‌كانی هه‌ڵده‌گرێت، چونكه به تێكشكاندنی ئیمامئۆغلۆ، هیچ ڕكابه‌رێكی سیاسی بۆ ئه‌ردۆغان نامێنێت و ئه‌وكات ئه‌ردۆغان سه‌ری ده‌پرژێته ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه بڕوای پێیه‌تی، یه‌كێك له‌و سیاسه‌تانه بریتییه له ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كورد و چاره‌سه‌ركردنی دۆزه‌كه‌ی له توركیا.
وه‌ك بڕیاره ڕۆژی 31ی ئاداری ئه‌مساڵ له توركیا و باكوری كوردستان، هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان به‌ڕێوه ده‌چێت، یه‌كێك له چاره‌نووسسازترین پارێزگاكان ئیستانبوڵ ده‌بێت، ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ی قورسایی ئابووری و گه‌شتیاری و جیۆپۆلیتیكی و دیمۆگرافیای ئه‌و شاره، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌نكه‌ره پایته‌ختی توركیایه، به‌ڵام ئێسته ئیستانبوڵ وه‌ك پایته‌ختی ئابووری توركیا ناسراوه و ئه‌ردۆغان مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌و شاره له ژێرده‌ستی جه‌هه‌په ده‌ربهێنێت.
یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌ردۆغان له بردنه‌وه‌ی ئیستانبوڵ، بریتییه له كۆتاهێنان به ژیانی سیاسیی ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو سه‌رۆكی گه‌وره شاره‌وانیی ئیستانبوڵ كه توانی به هاوكاریی كورده‌كان له ساڵی 2019دا، شاره‌كه له ئه‌ردۆغان بباته‌وه، به درێژایی مێژووی سیاسه‌تی توركیا، هه‌ر سیاسییه‌كی تورك توانیبێتی بۆ دوو جار له‌سه‌ر یه‌ك ئیستانبوڵ بباته‌وه، ئه‌وا سه‌ركه‌وتوو بووه له شكستپێهێنان به سه‌رۆكی توركیا له هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان.
یه‌كێكی تر له گرنگییه‌كانی شاره‌كه بۆ ئه‌ردۆغان بریتییه له قورساییه ئابوورییه‌كه‌ی ئه‌و شاره، له دوای بوومه‌له‌رزه‌ی گه‌وره‌ی توركیا له ئیستانبوڵ، ئێسته پاره‌یه‌كی زۆر بۆ به‌ڵێنده‌ره‌كان ته‌رخان كراوه به مه‌به‌ستی دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌و شاره به كوالێتی به‌رز، بۆ ڕێگریكردن له ڕووخانیان له ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوێكی له‌و جۆره، ئه‌ردۆغان مه‌به‌ستیه‌تی پاره‌ی به‌ڵێنده‌ره‌كان بڕوات بۆ دۆست و كه‌سه نزیكه‌كانی خۆی، بۆ ئه‌مه‌یش پێویستی به‌وه‌یه بۆ جارێكی تر سه‌رۆكایه‌تیی گه‌وره شاره‌وانیی شاره‌كه بكات، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌ردۆغان كوڕی ئه‌و شاره‌یه و له‌وێ گه‌وره بووه، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی ڕۆحی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ردۆغان له ئیستانبوڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بۆیه سه‌رۆكه‌كه‌ی توركیا بۆ بردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره هه‌موو كارێك ده‌كات.
لە ئەگەری شکستی ئیمامئۆغلو، هیچ ڕکابەرێکی ناوخۆی بۆ ئەردۆغان نامێنێت
له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی شاره‌كه له‌لایه‌ن به‌ربژێره‌كه‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه كه ناوی موراد كورومه، ئه‌وا ئه‌ردۆغان له ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلۆ ده‌ربازی ده‌بێت و هیچ ڕكابه‌رێكی ناوخۆی نامێنێت، چونكه له ساڵی 2023 له هه‌ڵبژاردنی گشتیدا بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌و وڵاته، هه‌موو پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا یه‌كیان گرت به مه‌به‌ستی كۆتاهێنان به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سیاسییه، به‌ڵام ئه‌ردۆغان توانی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به‌ده‌ست بهێنێت به‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كه‌نیدا له به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن، بۆیه ئێسته تاكه مه‌ترسیی ئه‌ردۆغان بریتییه له ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو، ئه‌وكات ئه‌ردۆغان به بێ ڕكابه‌ر ده‌مێنێته‌وه و به‌م جۆره‌ش ده‌ست ده‌داته‌وه ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه باوه‌ڕی پێیان بووه، به‌هۆی ڕازیكردنی ڕای گشتیی خه‌ڵك و زۆرینه‌ی توركه ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان، ئه‌ردۆغان ناچار بوو كۆمه‌ڵێك سیاسه‌ت بگرێته‌به‌ر كه دژ به لیبراڵه‌كان و كورده‌كان بووه له توركیا، هه‌روه‌ها سیاسه‌تێكی دوژمنكارانه‌ی دژ به ئه‌مه‌ریكا و سیاسه‌ته‌كانی ئیسرائیل پێشان داوه له ناوچه‌كه، به سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردنی ئیستانبوڵ، ئه‌وا سه‌رۆكه‌كه ده‌ستكراوه ده‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه باوه‌ڕی پێیه‌تی، ئه‌وانیش بریتین له ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كورد و چاره‌سه‌ركردنی دۆزه‌كه به شێوازێكی ئاشتییانه و میانڕه‌و.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ربژێره‌كه‌ی ئه‌ردۆغان به‌رانبه‌ر به ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو شكست بهێنێت، ئه‌وا به‌ربژێری جه‌هه‌په وه‌ك پاڵه‌وانی سیاسی ناو ده‌رده‌كات، ئه‌مه‌یش ده‌رگا له ئیمامئۆغلو ده‌كاته‌وه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو وه‌ك تاكه‌كه‌سێك كه ئه‌ردۆغانی شكاندبێت له ئیستانبوڵ، ڕكابه‌رایه‌تیی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بكات، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ش، ئه‌ردۆغان ناچار ده‌بێت به‌وه‌ی ده‌ست بداته‌وه به سیاسه‌ته توندڕه‌وه‌كانی بۆ ڕازیكردنی ته‌واوی خه‌ڵكی توركیا و دژایه‌تیكردنی ئه‌مه‌ریكا و كورد بۆ ڕازیكردنی ئیسلامییه توركه‌كان و نه‌ژادپه‌رسته‌كان، ئێسته پارتێكی توندڕه‌وی ئیسلامی به ناوی پارتی خۆشگوزه‌رانی ئیسلامی سه‌ریان هه‌ڵداوه و بۆ بردنی ده‌نگه‌كانی ئه‌وه پارته‌ش، ئه‌ردۆغان ناچاره له ئه‌گه‌ری دۆڕاندنی ئیستانبوڵ، سیاسه‌تێكی ئیسلامییانه‌ی توندڕه‌و بگرێته‌به‌ر بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی و شكستهێنان به ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو.
جیاواز لە 2019 کورد بە سەربەخۆ بەشداری دەکات و ئەمەیش هەلی ئەردۆغان بۆ بردنەوە زیاد دەکات
پارتی ده‌م كه كورده‌كان خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن، تا ئاستێكی باش په‌ییان به‌م دۆخه سیاسییه بردووه و له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه بۆ هه‌ڵبژاردنی كۆتایی ئه‌م مانگه، ده‌ستیان له ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو به‌رداوه و به ته‌نیا خۆیان خزاندووه‌ته ناو هه‌ڵبژاردنه‌كه، به‌مه‌یش ئیمامئۆغلو ده‌نگی كورده‌كان له ده‌ست ده‌دات و ڕه‌نگه كورد ببێته هۆی له‌باربردنی خه‌ونی ئه‌و سیاسه‌تكاره، به‌مجۆره ئه‌ردۆغان ده‌ستكراوه ده‌بێت له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ كورده‌كان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه داواكارییه‌كانی كورد له توركیا سه‌ره‌تایین، بۆ نموونه زیادكردنی زمانی كوردی بۆ سیستمی خوێندن و دداننان به‌و شاره كوردییانه‌ی كه گه‌وره شاره‌وانییه‌كانیان له‌لایه‌ن كورده‌وه به‌ڕێوه هه‌ڵبژێراون، به‌ڵام بوونی په‌كه‌كه له ناوچه‌كانی باكوری كوردستان مژاره سه‌ره‌كییه‌كه‌یه و به ڕازیبوونی ئه‌و گرووپه بۆ جێهێشتنی باكوری كوردستان به بێ هیچ پێشمه‌رجێك، ئه‌وا ئه‌ردۆغان ئاماده‌باشی پێشان ده‌دات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه به پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ كوردی باكور.
تا دێت له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا نزیك ده‌بینه‌وه كه وا بڕیاره له 31 ئه‌م مانگه ئه‌نجام بدرێت، به سه‌ركه‌وتنی به‌ربژێره‌كه‌ی ئه‌ردۆغان به‌سه‌ر ئیمامئۆغڵۆدا، ئه‌وا سه‌رۆكه‌كه‌ی توركیا هیچ ڕكابه‌رێكی سیاسی نامێنێت و ده‌ست ده‌داته دروستكردنی كاریزمایه‌كی سیاسی بۆ خۆی، ئه‌مه‌یش به جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه بڕوای پێیه‌تی، دیارترینیان پرۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورده له توركیا، له ئه‌گه‌ری شكستی ئه‌و سه‌رۆكه‌شدا، ئه‌وا سیاسه‌ته‌كانی توندتر ده‌بێت له سیاسه‌ته‌كانی ئێسته‌ی بۆ پارێزگاریكردن له كورسییه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا.
به بردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌ستهه‌ڵگرتنی له چه‌ك به بێ هیچ پێشمه‌رجێك له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، ئه‌وا توركیا كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ كوردی سووریا به ناوی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و پارتی ده‌م له باكور چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌ردۆغانیش ناوی خۆی وه‌ك سه‌ركرده ئاشتیخوازه‌كه‌ی مێژووی توركیا ده‌نووسێته‌وه.