سەرۆكی ئیسرائیل: بە زیندوویی یان بە مردوویی دەستمان بە یەحیا سنوار دەگات

:: PM:05:31:27/03/2024 ‌

سەرەڕای وێرانكردنی ژێرخان و زۆرینەی كەرتی غەزە و كوژرانی زیاتر لە 30 هەزار فەلەستینی و ئاوارەبوونی سەتان هەزاریان، دیارە تا ئێستە تۆڵەی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی 2023ی حەماس بۆ ئیسرائیل بووەتە گرێ كوێرەیەك و تەنیا بە كوشتنی یەحیا سنوار دەكرێتەوە، كە بەرپرسی حەماسە لە غەزە، وەك سەرۆكی ئیسرائیل دووپاتی لێ كردەوە.

رۆژنامەی "جۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی لە ئیسحاق هرتزۆك، سەرۆكی ئیسرائیلی لە وتەیەكی لە كۆنگرەیەك لە قودس گواستەوە، بە زیندوویی یان بە مردوویی هەردەبێت دەستمان بە یەحیا سنوار بگات، ئەوەش بۆ ئەوەی بارمتەكانمان بگەڕێنینەوە، بۆیە هەموو شتێك لە سنوارەوە دەست پێ دەكا و كۆتایی دێت، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی سنوار بەرپرسی ئەوەیە كە لە غەزە روو دەدا و بە كۆتاهاتنی كۆتایی دێت.

سەرۆكی ئیسرائیل گوتی، سنوار بڕیاری هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی رابردووی دا و هەوڵی پەرەسەندنی دۆخی ناوچەكە و نانەوەی دووبەركی لە نێوان ئێمە و وڵاتانی دنیا دەدات، بۆیە پێویستە هەموو دنیا و ناوچەكە ئەوە بزانن كە بەرپرسیارەتییەكە تەنیا لە ئەستۆی سنوارە و هیچ بژارەیەكی ترمان نییە، دەبێت بە زیندوویی یان مردوویی دەستمان بە سنوار بگات، بۆ ئەوەی بارمەتەكانی بگەڕێنینەوە.

بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیلی و ئەمەریكی لەسەر ئەوە كۆكن كە سنوار لەناو تونێلەكانی شاری خان یوونس لە باشووری غەزە خۆی لەناو بارمەتە ئیسرائیلییەكان حەشار داوە، ئەوەش پرۆسەی كردنەئامانجی زەحمەت كردووە، ئێستە ئەمەریكاش لە رێگەی دەزگا و زانیارییە هەواڵگرییەكانی بەدوای ئاشكراكردنی شوێنی سنوارە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل