تەنیا لە ساڵی 2023دا هەشت هەزار و 500 كەس لە ڕێی كۆچكردندا گیانیان لە دەست داوە

:: AM:10:12:28/03/2024 ‌
لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2023، زیاتر لە 63 هەزار كەس لە رێی كۆچكردن لە سەرانسەری دنیادا گیانیان لە دەست داوە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 28 هەزار كەس لەوانەن لە رێی دەریای ناوەڕاستەوە كۆچیان كردووە.

خۆرخی گالیندۆ گوتەبێژی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ڕای گەیاند، 60%ی حاڵەتەكانی گیان لەدەستدان كە لە راپۆرتەكانیان تۆمار كراون، بەهۆی "خنكان" بووە.

گوتەبێژی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە خستنەڕووی راپۆرتی 10 ساڵەی رێكخراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، ساڵی 2023 كوشندەترین ساڵ بووە بۆ كۆچبەران، تەنیا لەو ساڵەدا هەشت هەزار و 500 كەس گیانیان لە دەست داوە كە سێ هەزار و 700 كەس بەهۆی خنكانەوە بووە.

 گوتەبێژی رێكخراوەكە دەڵێت، ئەو ئامارانە مەترسیدارن، چونكە ئەوە پێمان دەڵێت، كەسانێك ئامادەن بمرن، بەڵام لە وڵاتەكەی خۆیاندا نەمێننەوە، هاووڵاتییانی ئەفغانستان و بۆرما و سووریا و ئەسیوبیا لەو وڵاتانەن.

كۆچی ئەو وڵاتانەی كە شەڕ و كێشەی ئابوورییان تێدایە، بەجۆریك بووەتە مۆتەكە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا كە بەچەندان یاسا دەیانەوێت ڕێی لێ بگرن، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە ئەو دیاردەیە كەم بكەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی خەڵكی ئەوروپا و ئەمەریكا و كەنەدا.



وشە - سۆران عەزیز