بەرپرسێكی گەورەی داعش كوژرا

:: PM:01:17:28/03/2024 ‌
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان ئەمڕۆ رای گەیاند، هێزەكانیان توانیویانە بەرپرسێكی گەورەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای ئەنبار بكوژن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، ئەو بەرپرسەی داعش كە هێزەكانیان توانیویانە بیكوژن، ناوی "سەمیر خدر شریف شیحان نەمراوی"یە و بەرپرسی گواستنەوەی چەك و بۆمب و كەلوپەلی سەربازیی بووە لە نێوان عێراق و سووریا.

فەرماندەییەكە زیاتر گوتی، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان لە نێوان ئاسایش و هەواڵگری بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چالاكییە هاوبەشەكان، هێزێكی تایبەتی هاوبەش، توانیانە شوێنی تیرۆریستەكە دەستنیشان بكەن و لە بۆسەیەكدا بیكوژن.

لە كۆتایی بەیاننامەكەی فەرماندەییەكەدا هاتووە، سەمیر خدر نەمراوی لە سەركردە دیارەكانی داعش بووە لە سنووری پارێزگای ئەنباری ناوەڕاستی عێراق، رۆڵی زۆری هەبووە لە كوشتن و رفاندنی خەڵكێكی زۆری سڤیل لە ناوچەكە، هاوكات رۆڵی سەرەكیشی گواستنەوەی چەك و بۆمب بووە لە نێوان عێراق و سووریا.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د