ڕووسیا به‌رده‌وامه له هێرشه مووشه‌كی و ئاسمانییه‌كانی بۆ كۆتاهێنان به هێزی به‌رگریی ئاسمانی ئۆكراینا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی دواییدا به بیانووی هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی سه‌ر مۆسكۆ، هێرشه مووشه‌كییه‌كانی چڕ كردووه‌ته‌وه، ئه‌مه له كاتێكدا ئۆكراینا داوای سیستمی به‌رگریی نوێی كردووه له هاوپه‌یمانان.
ئه‌مڕۆ 28ی ئادار ئاژانسی ''
ئه‌سۆشیه‌یتد پرێس'' بڵاوی كرده‌وه، شه‌وی ڕابردوو ڕووسیا له ڕێی چه‌ندان مووشه‌ك و درۆنه‌وه، باشووری ئۆكراینای كردووه‌ته ئامانج و به‌م هۆیه‌شه‌وه چه‌ندان كه‌س بریندار بوون، زۆربوونی ژماره‌ی زیانه گیانییه‌كان له‌لایه‌نی ئۆكراینی، مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت ڕووسیا سه‌ركه‌وتوو بووه له لاوازكردنی ئه‌و سیستمه به‌رگرییه‌ی كه ماوه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه بۆ كیێڤ دابین كرا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕۆژئاوا ده‌ستپێشخه‌ری كردووه بۆ ناردنی فڕۆكه‌ی جه‌نگی F16 بۆ ئۆكراینا، به‌ڵام هیچ هاوكارییه‌ك نابێته جێگره‌وه‌ی سیستمی به‌رگریی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكی و ئه‌ڵمانی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پوتین ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه له دوای كیێڤ، په‌ل بهاوێژێت بۆ وڵاتانی تری یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ناتۆ، به‌ڵام ڕۆژئاوا گومانی له نیازپاكی پوتین هه‌یه و به‌م هۆیه‌شه‌وه هاوكارییه‌كانیان بۆ ئۆكراینا درێژ كردووه‌ته‌وه.
ماوه‌ی سێ ساڵه شه‌ڕێكی سه‌خت له نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا سه‌ری هه‌ڵداوه و له‌شكركێشی مۆسكۆ بۆ سه‌ر كیێڤ، هێدی هێدی ده‌بێته هۆی تێوه‌گلانی ته‌واوی ڕۆژئاوا به شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ ڕووسیا.