بۆ پاراستی هەرزەکاران "مێتا" تایبەتمەندییەکی نوێ تاقى دەکاتەوە

:: AM:10:46:12/04/2024 ‌
کۆمپانیای مێتا خاوەنی پلاتفۆرمی ئینستاگرام ڕای گەیاند، پلاتفۆرمەکە چەند تایبەتمەندییەک تاقی دەکاتەوە بۆ سڕینەوەی ئەو پەیامانەی کە ناوەڕۆکی نەشیاویان تێدایە بۆ پاراستنی هەرزەکاران و ڕێگریکردن لەو کەسانەی کە ئەگەرهەیە ساختەکار بن و پێوەندییان پێوە بکەن.

مێتا وەک کۆمپانیایەکى گەورەى بواری تەکنەلۆجیا، لە ئەمەریکا و ئەوروپا لەژێر فشارێکی زۆر دایە بەهۆی ئەو تۆمەتانەی کە دەڵێن پلاتفۆرمەکانى دەبنە هۆی ئالوودەبوون و کێشەی تەندروستی دەروونی لەنێو گەنجانج و هەرزەکارەکاندا.

بەرپرسانى کۆمپانیاکە دەڵێن، بۆ تایبەتمەندیی "پاراستنی پەیامی ڕاستەوخۆ"ی ئینستاگرام، فێربوونی خودکار بەکاردەهێنن بۆ ئامێرەکان بۆ شیکردنەوەی ئەوەی ئایا ئەو وێنانەی لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەکەوە نێردراون ناوەڕۆکی ڕووتی تێدایە یان نا.

ئەم تایبەتمەندییە لە ڕێکخستنەکانی بەکارهێنەرانی خوار تەمەن 18 ساڵ بە شێوەیەکی خودکار کارا دەبێت، رێگری لە گەورەکان دەکات لەوەی هانیان بدەن بۆ چالاککردنی.

کۆمپانیاکە ڕای گەیاندووە، لەبەرئەوەی ئەو ئامێرەی کە شیکردنەوە بۆ وێنەکان دەکات لە پاراستنی "وێنەی نەشیاو" هەمان ئەو ئامێرەیە کە لە چاتی نهێنی نێوان دوو لایەندا کار دەکات و مێتا ناتوانێت مافی گەیشتن بەو وێنانەی هەبێت، مەگەر کەسێک بڕیار بدات وێنەکانمان بۆ ڕاپۆرت بکات.

پێچەوانەی بەرنامەکانی "مەسنجەر" و "وەتس ئەپ"ی کۆمپانیای مێتا، نامە ڕاستەوخۆکانی ئینستاگرام داخراو نییە واتە کۆد نەکراون، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت ئەوان سوورن لەسەر بەکۆدکردنی خزمەتگوزارییەکە. 

داواکارانی گشتی لە 33 ویلایەتی ئەمەریکا لەوانە، کالیفۆرنیا و نیویۆرک، لە مانگی تشرینی یەکەمدا سکاڵایان دژی کۆمپانیای مێتا تۆمارکرد و گوتیان، کۆمپانیاکە بەردەوام خەڵکی خەڵەتاندووە لەبارەى مەترسییەکانی پلاتفۆرمەکانی.

لە ئەوروپاش، کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای زانیاریی لە کۆمپانیای مێتا کردووە لەبارەى چۆنیەتی پاراستنی منداڵان لە ناوەرۆکی زیانبەخش و نایاسایی.


وشە - رزگار خدر