ئه‌مساڵ له به‌رده‌ڕه‌ش سێ ھه‌زار دۆنم به پیاز و 190 ھه‌زار دۆنم به گه‌نم چێنراوه و پێشبینی ده‌كرێت به‌رھه‌می گه‌نم بگاته 90 ھه‌زار تۆن.
ئه‌ندازیار ته‌حسین گۆران به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی به‌رده‌ڕه‌ش، بۆ "وشه" گوتی، داوایان له جووتیاران كردووه به‌رھه‌می جۆراوجۆر بچێنن بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی بازاڕ به ته‌واوی پڕ بكه‌نه‌وه.
ئه‌و روونی كرده‌وه به تایبه‌ت پیاز له لایه‌ن جووتیارانه‌وه گرنگیی زۆری پێ ده‌درێت، پارساڵ نزیكه‌ی 700 دۆنم زه‌وی به پیاز چێنرابوو و ئه‌مساڵ زیاتر له سێ ھه‌زار دۆنم زه‌وی به پیاز چێنراوه، چونكه ھه‌م نرخی باشه و ھه‌میش ئێسته كۆگه ده‌كرێت و ساڵی ڕابردوو له شێخان بۆ ماوه‌ی 90 رۆژ كۆگه كرا و تێك نه‌چوو.
ئه‌ندازیار ته‌حسین گۆران گوتی، ئێسته له سنووری به‌رده‌ڕه‌ش 23 كۆگه ھه‌ن و چوار كۆگه‌ی تازه دروست ده‌كرێن و ده‌بێته 27 كۆگه كه توانای ھه‌ڵگرتنی 175 ھه‌زار تۆنی ده‌بێت له ھه‌موو به‌رھه‌مه‌كان، بۆیه ساڵ به ساڵ رێژه‌ی چاندنی به‌رھه‌مه‌كان و دروستكردنی كۆگه‌كانی له زیادبووندایه، ئه‌مه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵییه، چونكه حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان گرنگی زۆر به كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌دات.
گۆران باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌مساڵ له سنووری به‌رده‌ڕه‌ش زیاتر له 190 ھه‌زار دۆنم زه‌وی به گه‌نم چێنراوه به‌ھۆی بارانی باش، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت به‌رھه‌می بگاته زیاتر له 90 ھه‌زار تۆن گه‌نم، چونكه به‌راورد به‌ساڵی ڕابردوو 30 ھه‌زار دۆنم زیاتر به گه‌نم چێنراوه .
هه‌ولێر\ بڵند ئیبراھیم