سبەی دابەشكردنی خۆراك دەست پێ‌ دەكات

:: PM:02:59:20/04/2024 ‌
بڕیارە سبەی دابەشكردنی سەبەتەی سێیەمی خۆراك لە تەواوی عێراق دەست پێ‌ بكات و لە هەفتەی كۆتاییشدا لە هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی نیسان، وەزیری بازرگانیی عێراق دابەشكردنی سەبەتەی سێیەمی ئەمساڵی خۆراكی راگەیاند و سبەی دەست پێ‌ دەكات.

ئەسیر داود وەزیری بازرگانیی عێراق رای گەیاند، وەجبەیەكی تری بەشەخۆراك ئامادە كراوە سبەی یەكشەم دابەشكردنی دەست پێ دەكات.

لای خۆیەوە لاما مووسەوی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت، كۆمپانیاكان ئامادەكاری و كارە تەكنیكی و كارگێڕییەكانیان تەواو كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو كەرەستانەی كە بۆ سەبەتەی خۆراك بۆ بریكارەكان دابین دەكرێت.

روونی كردووەتەوە، سەرەتای دابەشكردنی بەشەخۆراك لە پارێزگا و گەڕەكە هەژارنشینەكان دەست پێ‌ دەكات، بۆیە پێویستە سبەی بریكارەكانی خۆراك سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خۆراكی شارەكانیان بكەن بۆ تەواوكردنی رێكارەكان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە هەرێمی كوردستان لە كۆتایی هەفتە دەست بە دابەشكردنی سەبەتەی سێیەمی خۆراك دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد