پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە و 12 ڕۆژی تر ئەگەری باران هەیە

:: PM:04:08:22/04/2024 ‌
كەشناسێك رای دەگەیەنێت، سبەی با خێرا دەبێت و پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هەیە و 12 ڕۆژێكی تریش باران بەڕێوەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، سالار حاجی عەلی شارەزا لە بواری كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سبەی خێرایی بای باكور و بای باكوری ڕۆژهەڵات ڕوو لە بەشێكی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەتایبەت ناوچەكانی شاری سلێمانی و ناوچەكانی شاری كەركووك و ناوچەكانی سنووری گەرمیان و بەشێك لە ناوچەكانی شاری هەڵەبجە.

 باسی لەوەش كرد، خێرایی ئەم بایە لە هەندێك ناوچە دەچێتە سەرووی 25 بۆ سەرووی 35 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، بایەكی تا ئاستێك وشك و لە كاتێكدا كەمێك ساردە، لە هەندێك ناوچە شەوانە تا كاتی دەركەوتنی خۆر لە ئاسۆ، پلەكانی گەرما چەند پلەیەك دادەبەزێت لە ناوچە شاخاوییەكان.

روونی كردووەتەوە، خێرایی ئەم بایە سوودی هەیە بۆ پاككردنەوەی هەوای پاك و دوورخستنەوەی دووكەڵ و تۆز و خۆڵی ناو هەوا، هەروەها لە دوای ئەم خێرایی بایە لە ڕۆژی 25ی نیسان بۆ ڕۆژەكانی تر، جارێكی شەپۆلێكی گەرمای بەتین ڕوو لە عێراق و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئاماژەی بەوەیش كرد، پلەكانی گەرما لە هەندێك ناوچە بەرز دەبێتەوە وەك  لە ناوچە شاخاوییەكان 15 پلە بۆ سەرووی  26 پلە، هەندێك ناوچە نزم و گەرمەكان 26 پلە بۆ نزیك 40 پلە بەرز دەبێتەوە، جارێكی تر لە ڕۆژەكانی سەرەتای مانگی ئایار ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی بارانبارینی باش هەیە.



وشە - رامیار جەواد