ده‌سه‌ڵاتی میسر، ده‌ستی به‌سه‌ر مۆزه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره له‌ناو ماڵێكدا گرت كه تێیدا زیاتر له هه‌زار شوێنه‌واری هه‌مه‌جۆر هه‌ن. شوێنه‌واره‌كانی مۆزه‌خانه‌كه له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رێك كۆ كراونه‌ته‌وه و ئێسته‌یش رێوشوێنی یاسایی له دژی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره گیراوه‌ته‌به‌ر.
پێگه‌ی "
عه‌ره‌بیه" كه هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی داوه كه هێزی ته‌ناهیی میسر له پارێزگای ئه‌سیووتی باشووری وڵاته‌كه، دوێنێ شه‌موو ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵی فه‌رمانبه‌رێكدا گرت كه ماڵه‌كه‌ی كردووه‌ته مۆزه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی شوێنه‌واری، به‌پێی زانیارییه‌كانی ئاسایشی وڵاته‌كه و پۆلیسی گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار، ده‌ركه‌وت زیاتر له هه‌زار پارچه‌ی شوێنه‌واری هه‌مه‌جۆر له‌ناو ماڵه‌كه‌دا هه‌ڵگیراون.
باس له‌وه ده‌كرێ كه له‌ناو ماڵه‌كه‌دا، به دروستی هه‌زار و 118 پارچه‌ی شوێنه‌واری هه‌ن، له‌ناویاندا تابووت كه له‌ناویدا مۆمیا هه‌ڵگیراوه، هاوكات چه‌ندان تابووتی تر كه له دار یان مه‌ڕمه‌ڕ دروست كراون، هه‌روه‌ها چه‌ندان پارچه‌ی شوێنه‌واریی نه‌خشه‌سازیی فیرعه‌ونی و ده‌یان تابلۆی به‌ردین و ملوانكه‌ی جۆراوجۆر، جیاله‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر ده‌یان په‌یكه‌ری ته‌واونه‌كراودا گیراوه كه سه‌رجه‌میان بۆ سه‌رده‌مه‌كانی كۆن ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
هاوكات هێزه ته‌ناهییه ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌یان پارچه‌ی شوێنه‌واریی وه‌ك به‌رد و داری شوێنه‌واری و كه‌لوپه‌له‌كانی ناو ماڵدا گرتووه، جیا له ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌تان دراوی ئاسنی كۆن. زۆربه‌یان بۆ سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
دواتریش ئاماژه دراوه كه وه‌زاره‌تی ناوخۆی میسر، ته‌واوی پارچه شوێنه‌وارییه‌كانی راده‌ستی لایه‌نی پێوه‌ندیدار به شوێنه‌وار كردووه. هاوكات رێوشوێنی یاسایی به‌رانبه‌ر به فه‌رمانبه‌ره‌كه ده‌گیرێته‌به‌ر و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.