جیا لە نەوت و كشتوكاڵ، دەكرێ كەرتی گەشتیاری ببێتە سەرچاوەیەكی تری گەورەی داهات بۆ هەرێمی كوردستان، كاتێك بەپێی ئامارە فەرمییەكان تەنیا لە شەش رۆژی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار و لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵیش ملیۆنێك و 700 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
لەوبارەوە ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە، بەپێی نەخشەڕێگەی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و هەموو رەگەزەكان و شێوازەكانی گەشتیاری، چالاكییە گەشتیارییەكان رۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن، ئێستە ئاستی گەشتیاری بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو هەنگاوی زۆر باشی ناوە و داهاتمان زۆر زیادی كردووە.
زیاتر دەڵێت، كوردستان خۆی ناوچەیەكی ناوازە و سروشتێكی سەرنجڕاكێش و نایابی هەیە، بۆیە هەر گەشتیارێكی بیانی كە دێت بە جوانی و میواندۆستیی خەڵكی كوردستان و ئەو خزمەتانەی كە لەلایەن چالاكییە گەشتیارییەكانەوە پێشكەشیان دەكرێت سەرسام دەبێت.
گەشتیارێكی خەڵكی بەسرە دووپاتی دەكاتەوە، شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر دڵگیر و خۆشن، زۆر دڵخۆشم كە سەردانی ئێرە دەكەین و پێشوازییەكی جوان و رێكوپێكمان لێ دەكرێت.
گەشتیارێكی تر لەم بارەیەوە دەڵێت، بەردەوام سەردانی هەولێر دەكەین، كاتی خۆش لە شوێنە گەشتیارییەكانی وەك بێخاڵ و كۆرەك و چێشتخانە و شوێنە دێرینەكان بەسەر دەبەین، پیاوانی ئاسایش زۆر هاوكارمانن و زۆربەی پشووەكان روو لێرە دەكەین.
شایەنی باسە یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم، پاڵپشتیكردنە لە كەرتی گەشتوگوزاری وەك سەرچاوەیەكی گرنگی داهات، گرنگیدانیش بەو كەرتە بە پێی پلانێكی درێژخایەن بەردەوام دەبێت.