كاریگەریی خۆلاوازكردن لەسەر قژ و پێست چییە؟

:: PM:08:33:24/04/2024 ‌

رەنگە كەسانێكی زۆر بەدەست قەڵەوی و زیادبوونی كێشی لەشیانەوە بناڵێنن، ئەوان بەهۆی بێزاری و ترسیان لە نەخۆشییەكان، پەنا بۆ خۆلاوازكردن دەبەن، پزیشكان ئەو كەسانە وریا دەكەنەوە كە سیستمێكی توندی خۆلاوازكردن پێڕەو دەكەن، بەوەی ئەو كارەیان كاریگەریی لەسەر قژ و پێستیان دەبێت.

باباك ئەشرەفی، پزیشكی شارەزا رووناكی دەخاتە سەر گرنگیی تێگەیشتن لە كاریگەریی گۆڕانكاریی كێشی لەشی مرۆڤ لەسەر قژ و پێست، دووپاتی دەكاتەوە كە لەدەستدانی خێرای كێشی لەش دەكرێ ببێتە هۆی هەڵوەرینی قژ و تەنك و لاوازبوونی، ئەوەش بەهۆی وەڵامدانەوەی لەش بۆ شەكەتی روودەدات، كاتێك سووڕی گەشەكردنی مووەكان پەك دەخات، زۆرجار ئەو كاریگەرییە كاتی دەبێت و لەگەڵ خواردنی تەندروست و وەرگرتنی پرۆتین و ڤیتامین و كانزای پێویست بۆ گەشەی مووەكان باشتر دەبێت. 

روونی دەكاتەوە، هاوكات لەدەستدانی زۆری كێش دەكرێ ببێتە هۆی كەمبوونەوەی شێداریی پێست و دروستبوونی وشكهەڵگەڕان، ئەوەش بۆ گۆڕان لە ئاستی هۆرمۆنەكان و دابەزینی ئاستی شێداریی لەش دروست دەبێت، بۆیە خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو و بەكارهێنانی كەرەستەكانی شێداركردن ئەوە چارەسەر دەكات.

جیا لەوانە گۆڕانكاری لە ئاستی هۆمۆنەكان لەكاتی دابەزینی خێرای كێشی لەش دەبێتە هۆی پەككەوتنی هاوسەنگیی بەرهەمهێنانی رۆنی پێست، ئەوەش مەترسیی دروستبوونی زیپكەی لاوێتی و قینچكە زیاتر دەكات، بۆیە پێویستە ئەوانەی هەوڵی كەمكردنەوەی كێشی لەشیان دەدەن وریا بن و چارەسەری بۆ كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو كارەیان وەربگرن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل