كاروان یاروەیس: فڕۆكەخانەی بەغدا مەترسیی ڕژدی لەسەرە

:: PM:01:24:15/05/2024 ‌
21 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا دروست كراون و ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێـت، ئەو پڕۆژانە مەترسیی ڕژدیان لەسەر فڕۆكەخانەكە دروست كردووە.

كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، جێبەجێكردنی ئەو هەموو پڕۆژەی نییشتەجێبوونە لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، مەترسیدارن بۆ تەناهی و كاری ئاسایی فڕۆكەخانەكە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتی، چواردەوری فڕۆكەخانەكە بە باڵەخانەی ستوونی و ئاسۆیی دەتەنرێت، بۆیە ئێستە و لە داهاتووشدا مەترسیی ڕژد لەسەر پرۆسەی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆكە و باری تەناهیی فڕۆكەخانەكە دروست دەكات.

كاروان ئاماژی بەوەش كردووە، تەنانەت ژینگە و تەندروستیی دانیشتووانی ئەو پڕۆژانە، خۆشیان بەهۆی ئەو هەموو فڕۆكە لە نزیكیانەوە، لە مەترسیدا دەبێت.

كاروان یاروەریس باسی لەوە كردووە، 21 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لە جێبەجێكردندان، سەیر ئەوەیە لە نێوان دەزگا پێوەندارەكان هاوئاهەنگی نییە و بەشی زۆریان بەبێ رەزامەندیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق، دروست دەكرێن.

ئەوەشی گوت، دوور نییە لە داهاتوودا فڕۆكەیەك خۆی بكێشێت بە تاوەرێك، یان رێكخراوی فڕۆكەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتیی فڕۆكەخانەی بەغدا، بخاتە دەرەوەی خزمەتگوزاری.



وشە - سۆران عەزیز