لە بەغدا تاوتوێی ئاڵوگۆڕی لە خەرجییەكانی بەشەبودجەی هەرێم كرا

:: PM:05:03:15/05/2024 ‌

خەریكە لە بەغدا تاوتوێی خشتە داراییەكانی بودجەی 2024ی عێراق دەكرێت، بڕیارە یەكشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانیشتنێك بۆ ئەو بابەتە ساز بكات بۆ پەسندكردنی بودجەكە و رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان، دوێنێ شاندێكی حكوومەتی هەرێم چووە بەغدا و ئەمرۆ گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمی ئاڵوگۆڕیی خەرجییەكان لە نێوان بڕگەكانی بودجەی 2024 لە پشكی هەرێمی كوردستان كرا.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەم محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانان سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی لیژنەی پێوەندیدار بە پێداچوونەوە بە خشتە داراییەكانی بودجەی گشتیی 2024ی كرد.

لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەبارەی چەند دۆسیەیەك كرا، لەوانە میكانیزمی ئاڵوگۆڕی لە نێوان بڕگەكانی بودجە پێوەست بە خەرجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پێوەست بە قەرەبووی فەرمانبەران و چاودێریی كۆمەڵایەتی و داهاتەكانی حكوومەتی هەرێم و میكانیزمی رادەستكردنی بۆ حكوومەتی فیدراڵ بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەی دارایی و یاسای بودجەی گشتیی دەوڵەت.

هەر بەپێی بەیاننامەكە، لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ سەبارەت بە زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی رێژەی كورتهێنان لە بودجەی گشتیی كرا، لە رێگەی دەقە یاساییەكانەوە و حسێبكردنی پارەی فرۆشتنی كارەبا و نەوت لە ناوخۆ وەك سەرچاوەی داهات لە خشتەكانی بودجەكەدا.

ئەمە و لە كۆبوونەوەكە وەزیرانی پلاندانان و نەوت و ئاوەدانكردنەوە و كارەبای عێراق و سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و راوێژكارانی كاروباری یاسایی و ئابووری و ستراتیجیی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە بوون، جیا لە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە وەزیری دارایی و ئابووری سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون پێك هاتووە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل