لە سعوودیە یانەیەكی شەوانەی پێشكەوتوو كرایەوە

:: PM:04:55:24/05/2024 ‌

لە ڕاپۆرتێكی بریتانیدا، باسی یەكەم یانەی شەوانە دەكات كە لەناو خاكی سعوودیە دروست كراوە و بەشێكە لە كرانەوەكانی ئەو وڵاتە بە سەرۆكایەتیی محەمەد بن سەلمان جێنشینی پاشای سعوودیە بۆ ئەوەی وڵاتەكە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی جیهاندا خۆی بگونجێنێت و لە دۆخی داخراو ڕزگاری بێت.

ڕاپۆرتەكەی گۆڤاری "تایمز"ـی بریتانی دەڵێت، ئەمە دیاردەیەكە لە مێژووی سعوودیەدا نامۆیە و پێی ڕانەهاتوون، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت كارنانەوەی بەدوادا بێت.

یانەكە ناوی "بێست هاوس"ـە لە گەڕەكی جاكس لە دەرعیە سەر بە ڕیازی پایتەخت و بەشێكە لە پرۆژەكانی كۆمپانیای "میدڵ بێست" كە لەلایەن سندووقی سامانی سەروەرییەوە بەڕێوە دەچێتو جێنشینی سعوودیە خۆی سەرپەرشتی دەكات.

ڕاپۆرتەكە نووسیویەتی، هەر كە بووە نیوەی شەو، بەزمی سەما و دانس و تێكەڵی دەست بێت دەكات، ئەوەتا گەنجێكی سعوودی كە پانتۆڵێكی تەسك و پێڵاوێكی كاوبۆی لەپێیە، خەریكی بازبازێنە و دوو كچیش كە كراسێكی ڕەشی كورتیان لەبەرە و بەو شەوە چاویلكەیان كردووەتە چاویان، لە جێی خۆیانەوە سەما دەكەن. 

ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە دەڵێت، كاتێك دەچیتە ژوورەوە، وەك ئەوەیە لە یانەیەكی شەوانەی هەر وڵاتێكی ڕۆژئاوادا بیت، جیاوازییەكەی لەوەدایە، پاسەوانەكان زیاتر چاودێری دەكەن بۆ ئەوەی هیچ دەستدرێژییەك ڕوو نەدات و بە ئاشكراش ڕێ نادەن باڕی یانەكە كهوول بفرۆشێت، بەڵام ئەمەش هەنگاوێكی ماوە تا ئاسایی بێت، چونكە ئەوانەی دەچنە یانەكەوە، خۆیان بە دزییەوە كهوولیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و دەیخۆنەوە.













وشە - عەبدوڵا عومەر