پەرلەمانتارانی عێراق بە لێشاو دەبنە حاجی

:: PM:12:30:29/05/2024 ‌
نزیكبوونەوەی كاتی حەج و بوونی حەجی تایبەت بۆ پەرلەمانتارانی عێراق، وایكردووە ژمارەیەكی زۆریان بێ‌ گوێدانە دۆخی خەڵك، فەریزەی حەج ئەنجام بدەن و گرنگترین پرۆژەیاسا كە پێوەستە بە ژیان و گوزەرانی خەڵك جێی بهێڵن.

ئێستە گەشتی حەج لەلایەن حاجیانەوە بۆ سعوودیە دەستی پێ‌ كردووە، پێویستە هەر كەسێك ببێت بە حاجی 10 رۆژ پێشتر لەو وڵاتە ئامادە بێت، ئێستە ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی عێراق رۆیشتوون یان بەنیازی گەشتن.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی ئایار، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراوە، ئێستە 70 پەرلەمانتاری عێراق بۆ فەریزەی حەج خۆیان ئامادە كردووە، ئەوەیش بەپێی ئەو بڕیارەی كە حەجی تایبەت بەبێ‌ كێبەركێ پێیان دەدرێ‌.

لە زانیارییەكاندا ئاماژە بەوەیش كراوە، جگە لەو 70 پەرلەمانتارە، ژمارەیەكیان بە هۆی نەمانی حەجی تایبەت بۆیان لەڕێی كڕینەوەی كارتی تایبەت كە بە حەجی بازرگانی ناسراوە، ئەو گەشتە ئەنجام دەدەن.

ئێستە بەشێك لەو پەرلەمانتارانە رۆیشتوون و بەشێكیشیان لەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو دەڕۆن، ئەوەیش بێ‌ گوێدانە كارەكانیان لە پەرلەمانی عێراق كە تێپەڕاندن و دەنگدانە بە پڕۆژەیاسای هەمواری بودجەی گشتیی عێراق.


وشە - رامیار جەواد