لەتیف هەڵمەت: گۆیژە تووڕە مەكەن با هەمووتان تێک نەشکێنێ

:: PM:03:19:29/05/2024 ‌

لەتیف هەڵمەت، شاعیری گەورەی كورد، چووە ڕیزی تەواوی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی كورد كە ڕووبەڕووی هەڵدڕینی چیای گۆیژە بوونەتەوە و لە نوێترین شیعریدا، ماهییەت و مانا سۆزداری و مێژووییەكەی ئەو چیایەی بۆ سەر دڵی هەموو تاكێكی كورد خستووەتە ڕوو.

پاش ئەوەی چەند وێنەیەكی دەستپێكی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون بڵاو بووەوە كە بە شۆفڵ و هەڵكەنەر كەوتوونەتە گیانی چیای گۆیژە و لەپێناو دروستكردنی باڵەخانەی كۆمپانیایەكی دیاریكراو، ورگی چیاكە هەڵدەدڕن، لە سۆشیاڵ میدیادا بە شێوەیەكی فراوان هەڵمەتی خۆڕسكی لە دژی ئەو كارە بەرز بووەوە و هەر كەسە لە ڕوانگەی خۆیەوە، بە گوێرەی یادگارییەكانی لەگە شار و دیمەنی گۆیژەدا، هەڵوێستی دەربڕی و تەواوی ئەو شیعرە كلاسیكانەیان بە بیری خۆیان و هاوڕێیانیان دەهێنایەوە كە شاعیران بۆ گەورەیی ئەو چیایە بە پشتی سلێمانییەوە نووسیویانە.

لەناو ئاپۆرای جەماوەریی دژ بە هەڵدڕینی شاخی گۆیژە، ڕۆشنبیران و نووسەرانیش لەلای خۆیانەوە هەڵوێستیان دەربڕی (كلیك بكە و لە ڕێی ئەم ڕاپۆرتەی وشەوە، هەڵوێستی بەشێكی ڕۆشنبیران بخوێنەوە)، ئەمڕۆش لەتیف هەڵمەت، شاعیری ناوداری كورد، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، شیعرێكی لەسەر گۆیژە بە ناوی "ئەو چیایە" بڵاو كردەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:


ئەو چیایە 

وا مەزانن ئەو چیایە 
هەر کۆمەڵێ بەرد و کەڤر و گژ وگیایە 
هەربەردێکی جانتایەکە عەشقنامەی 
عاشقێکی لە بندایە 
هەر کەڤرێکی ئاوێنەیە و 
وێنەی سەد شەهیدی تیایە 
هەر کانییەک لەو چیایە هەڵقوڵاوە   
ئاو نیە خوێنی شەهیدە 
بۆبەرگری لەو چیایە ڕژاوە
هەموو پووش و پەڵاشێکی ئەو چیایە 
ڕمی ژەهراوی ناودڵی 
سەد سوڵتان و نادرشایە 
ئەو چیایە تووڕە مەکەن تکایە   
با هەمووتان تێکنەشکێنێ  
بەشەپۆلی ڕەشەبایە ....
...................
ئەم شیعرەم هەر ئێستا لەسەر فەیسبووکەکەم نووسی و هێشتا نەمخستۆتە سەرکاغەز 
کاتژمێر دوازدەی نێوەڕۆی 29/5/2024

لەتیف ھەڵمەت، شاعیر و نووسەری ناوداری كورد، لە ساڵی ١٩٤٧ لە ناوچەی گەرمیان لە شاری کفری لەدایك بووە. ساڵی ١٩٧٩ دەستی کردووە بە نووسین لە بواری منداڵاندا. یەکەم بەرھەمی «جوانترین دێ» بووە کە بڵاوی کردووەتەوە. زیاتر لە بیست دیوانە شیعری هەیە. تا ئێستا ١٧ بڵاوکراوەی بۆ منداڵان ھەیە. ساڵی ٢٠٠٦ بەرھەمەکانی کۆکراوەتەوە کە دەکاتە ٥٠٠ لاپەڕە ھەروەھا خەڵاتی «ئاپیک»ی لەسەر دیوانی منداڵان وەرگرتووە، چەند جارێکیش خەڵاتی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەرگرتووە. لەتیف هەڵمەت، لە پاڵ شێركۆ بێكەس و عەبدوڵا پەشێودا، بە سێكوچكەی نوێكردنەوەی شیعری كوردی هەژمار دەكرێن كە شێوازی تازەیان خستووەتە ناو شیعری كوردییەوە كە پێش ئەوان نەبووە.




وشە - عەبدوڵا عومەر