بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ئاماژە دەكات كە حكوومەتی عێراق پلانی وایە ژمارەیەك كارگەی نوێی ئارد لە عێراق و هەرێمی كوردستان دروست بكات، ئەوانیش ئامادەن هاوكاری و ئاسانكاریی تەواو بۆ ئەو كارە بكەن، بۆ ئەوەی كارگەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر دروست بكرێ و پێویست بە هاوردەكردنی ئاردی سفر نەكات.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی عێراق پلانی هەیە ژمارەیەك كارگە بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر دروست بكات، كە ژمارەیان 10 كارگەیە، بۆ ئەوەی لەجیاتی هاوردەكردنی ئەو جۆرە ئاردە لە دەرەوە، لە ناوخۆ بەرهەم بێت و بە نرخێكی گونجاو لە بازاڕ بفرۆشرێت.
دووپاتی كردەوە، هەركاتێك ئەوان بێنە لامان ئاسانكاریی تەواویان بۆ دەكەین، چونكە هەنگاوێكی باشە و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە، رێگە بەوەش نادەین بە رێژەیەكی زۆر مادەی پارێزراو لە ئاردەكە بكەن، بۆیە سوودێكی زۆری دەبێ و بەرهەمی گەنمی جووتیارانیش ساخ دەبێتەوە، تەنیا لە پارێزگای دهۆك نابێ لە پارێزگاكانی تریش دەبێت، بەڵام ئەو كارە پێویستی بە رەزامەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و بەبێ حكوومەتی هەرێم ناتوانن ئەو كارە بكەن.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی كرد، هەركاتێك هاتنە لای ئێمە و پرسیان بە ئێمە كرد، بە دڵنیاییەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێ و هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت كارگەی ئاردی سفر دروست بكرێ و لە ناوخۆ بەرهەم بێت، چونكە ئەگەر ئەو كارە بكرێ بەرهەمی ناوخۆ زۆر لەوەی دەرەوە باشتر دەبێت .
"پێویستە كارگەكان بە جۆرێك دروست بكرێن كە بتوانرێت بەشی پێویستیی ناوخۆ بەرهەم بێنن، بۆ ئەوەی چیتر پێویست بەوە نەكا ئاردی سفر لە دەرەوە هاوردە بكرێت"، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی وای گوت.
شایەنی باسە گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە 10 كارگەی نوێی ئارد لە عێراق دروست دەكەن و یەكێكیان لە پارێزگای دهۆك دەبێت، ئامانج لە دروستكردنی كارگەكان بەرهەمهێنانی ئاردی سفرە لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان، نرخی فەردەیەك ئاردی سفر بە 29 هەزار دینار دەبێت، ئامانج لەو هەنگاوەش كێبركێ لەگەڵ ئاردی سفری هاوردە بكرێت .
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم