یەکەم: ژیانی نالی و چەند زانیارییەکی نوێ

:: PM:11:45:03/01/2018 ‌

مەلا خدر (خزر) کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلی ناسراو بە "نالی" بەردی بناغە و دامە‌‌‌زرێنە‌‌‌ری قوتابخانە‌‌‌ی شیعری بابان و لە یەکەمین و بەناوبانگترین شاعیرانی شێوەزاری کوردیی ناوەندییە.

لە گوندی خاکوخۆڵ ، لە دەشتی شارەزوور ھاتووەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نردراوەتە بەر خوێندن، لە حوجرە خوێندوویەتی. لە سەرەتاوە وردەکتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھـ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندان شوێن وەک سنە و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندان مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندوویەتی. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێ دەردەچێت، بێجگە لە زمانی دایکی، کەزمانی شیرینی کوردییە، زمانەکانی فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیون.

مشت و مڕێکی زۆر هەیە لە سەر لە دایک بوون و کۆچکردنی نالی لە ناو میژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کورددا، ئەگەرچی لەلایەن مێژوونووسانەوە چەند ڕایەکی جیاواز خراونەتە ڕوو بەڵام هیچیان ددان بە ڕاستی لە دایک بوون و کۆچکردنی نالی تا ئەم دواییە نەنرابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا، یەکێک لە دکتۆرەکانی کوردستان توێژینەوەیەکی لەبارەی ژیانی نالییەوە چاپ و بڵاو کردەوە، توێژینەوەکە بەناونیشانی (نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، چەند زانیارییەکی تازە) چاپ کرا  و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو بۆچوون و سەرنجانەی نووسەرانی کورد هەیانە لەسەر هاتن و چوونی نالی:
محەمەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: "نالی لە ساڵانی١٨٠٠-١٨٥٦ زایینیدا ژیاوه". و مارف خەزنەدار و کەمال فوئادیش هەر هەمان مێژوویان دیاری کردووە. عەلائەدین سەجادی دە‌ڵێت: "لە ١٧٩٧ی زایینیدا هاتووەتە دنیاوە و لە ١٨٥٥ دا کۆچی دوایی کردووه". ئەگەر بە پێی زۆرینەی کۆڵەڕان کار بکەین بێجگە لە عەلائەدین سەججادی دەتوانرێت بگوترێت نالی ٥٦ ساڵ ژیاوە هەر وەک زۆربەی کۆڵەران لەسەر ئەم بۆچوونە کۆکن. تەنیا بە پێی بۆچوونەکەی عەلائەدین سەجادی نالی ٥٨ ساڵ ژیاوە.

ئەم جیاوازیەیش وەک سەرنجی بۆ دراوە قسەی مامۆستا عەلائەدین سەجادی لەلایەک و دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد لە لایەکی‌ ترەوە لەبارەی تەمەنی و ساڵی لەدایک بوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیله، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراورد کردووه. جا ئەگەر وا بێت، ئەوە وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی دەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه. بەڵام لە ڕۆژنامەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەرمەنییی "وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی"‌دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠-١٨٠١ی زایینی بەرانبەر کراوه. بەپێی ئەوە وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەماڵ فوئاد لەسەری ڕۆیشتوون، ساڵی لە دایکبوونی نالی دەکاتە ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێتە ٥٦ ساڵ.

لەوانەی باسکران هیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوە‌یەکی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایک بوون و کۆچی نالی دیاری بکەن. چونکە بەڵگەیان نییە و جگە لەوەیش دەڵێن هەندێ شت هەیە دەبنە هۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی نالی و نزیکبوونەوە لە زانینی مێژووی لە دایک بوون و مردنی. بەڵام ئەو لێکدانەوانە نادروستن و هەڵەیە پشت بە چەند دێڕە شیعرێک ببەسترێ، کە ڕەنگە شاعیر لە تەمەنی لاوێتیدا باسی پیری کردبێت، یان بە پێچەوانەوە. چونکە ئەو دێڕە شیعرانە بە بەڵگەی دروست و پشتئەستوور وەرناگیرێن.

لە دیوانەکەی نالیدا هاتووە، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس دەڵێت "مەسەلەی دیاری کردنی مێژووی لە دایک بوون و مردنی کەسێک، شتێک نییە بنیادەم بتوانێ بە ئیجتیهاد بڕیاری لێ بدا و بە بەڵگە و نیشانەی مێژووی لەوە زیاترمان پی نەکرا، کە تێکڕا هەندێ لەو ساڵانە دیاری بکەین کە نالییان تێدا ژیاوە. بەڵام بەڵگەی تریش بەدەستەوە هەیە پێمان ئەسەلمێنێ، نالی نە لە ساڵی ١٨٥٥ و نە لە ساڵی ١٨٥٦ مردووە و نە تەمەنیشی ٥٦ یا ٥٨ ساڵ بووە، جا خوا دەزانێ ئیتر لە ١٧٩٧دا لە دایک بووبێ وەک عەلی موقبیل دەڵێ یان لە ١٨٠٠ وەک ئەوانی تر دەڵێن".

سەرچاوەکان/ 
-دیوانی نالی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد – بەغدا ١٩٧٦.
-دیوانی نالی چاپی دووەم/ مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و فاتح عبدالکریم چاپخانەی کوردستان.
- مێژووی ئەدەبی کوردی نووسراوەی عەلائەدین سەججادی، چاپخانەی مەعارفی بەغداد، 1951.
- نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، هێمن عومەر خۆشناو، یەکەم چاپی ساڵی ٢٠١٧ی زاینی.



وشە - ژیڤان خۆرانی