شەپۆلێكی بەهێزی بەفر و باران روو لە كوردستان دەكات

:: AM:10:30:11/02/2019 ‌

بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسی، ئەمڕۆ دووشەم ئاسمانی سەرجەم ناوچەكانی كوردستان نیمچە هەورە، بەڵام بۆ سبەی سێشەم بۆ ساماڵ و پەڵەهەور دەگۆڕێت و پلەكانی گەرمیش كەمێك بەرز دەبنەوە، لە كۆتایی هەفتەیشەوە شەپۆلێكی بەفر و باران روو لە كوردستان دەكات. 
لە چەند رۆژی رابردوو بە رێژەی جیاواز بەفر و باران لە كوردستان باری و ئەمڕۆ كۆتایی بەو شەپۆلە دێت و دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام لە ئێوارەی پێنجشەمەوە شەپۆلێكی بەهێزتر روو لە كوردستان دەكات و پلەكانی گەرمیش دادەبەزن.

بەگوێرەی پێشبینییەكانی worldweather كاریگەریی ئەم شەپۆلە تا زیاتر لە هەفتەیەك لەسەر كوردستان درێژەی دەبێت و لە ناوچە جیاوازەكان باران بە رێژەی جیاواز دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەكانیش پێشبینی بارینی بەفر دەكرێت.

بەپێی رۆژمێری كوردی لە 10 رۆژی كۆتایی چلەی بچووكین كە بە سەختترین كاتی زستان هەژمار دەكرێت. چلەی گەورە 40 رۆژە و لە سەرەتای وەرزی زستان واتە لە 21ی كانوونی یەكەم دەست پێ دەكات و تا 11ی شوبات بەردەوام دەبێت، چلەی بچووكیش 20 رۆژە و لە 10ی شوباتەوە تا 20ی شوبات درێژەی دەبێت . دوای ئەمە رەشەمە دەست پێ دەكات كە مانگی كۆتایی زستانە و پلەكانی گەرمیی تیایدا روو لە بەرزبوونەوە دەكەن و كۆتایی بە سەرما و سۆڵ دێت.

تا ئەم كاتەی ساڵ بڕێكی زۆری باران لە كوردستان باریوە و لە چەندان شوێن مەترێكی تێپەڕ كردووە. لە مێرگەسۆر نزیكەی مەترێك و 400 ملم باریوە. لە بجیل و دینارتە و پێنجوێنیش سەرووی مەترێك باران باریوە. لە هەریەك لە دهۆك، زاخۆ، ئاكرێ، بامەڕنی، كانی ماسی، ئامێدی، كۆیە، رواندز، بارزان، سۆران و پیرمام سەرووی نیو مەتر باران باریوە.







وشە - سلێمان تاشان