بەشێك لەپارەی مووچەی مانگی سێ‌ گەیشت و هەفتەی داهاتوو دابەش دەكرێت

:: PM:01:37:04/04/2024 ‌
بەشێك لەو پارەیەی بۆ مووچەی مانگی ئادار دیاری كراوە، ئەمڕۆ گەیشت و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری نیسان، سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابوور، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەشێك لەو پارەیەی بۆ مووچەی مانگی ئادار، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق گەیشت و چاوەڕوانین لە هەفتەی داهاتوو بەشەكەی تریش بگات.

زیاتر گوتی، بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران، چاوەڕوانی وەجبەی دووەمی پارەكەین و پارەكە بە دوو وەجبە دەگاتە هەرێم، گەیشتن و دابەشكردنی كاتی زۆری پێویست نییە، چونكە لە دوێنێوە ئامادەكاری كراوە.

باسی لەوەش كرد، پێش جەژنی رەمەزان مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی دابەش دەكرێت، بۆ مووچەی هێزە تەناهییەكانیش ئەگەر تا رۆژی پێش جەژن كارەكانی تەواو بێت، وردبینی لە لیستەكەیان تەواو ببێت، مووچەكەیان دەگات، ئەگەر نا دوای جەژن راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنەكەی دەكرێت.

رۆژی چوارشەم 3/3/2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا "چارەسەربوونی كێشەی مووچە"ی ڕاگەیاند و دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دا كە لەگەڵ گەیشتنی بودجەی مانگی سێ، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت لە پێش جەژندا.  
لای حۆیەوە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی، هەمان رۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و دوا ر}ێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بارزانی و سوودانی هەموو بەربەستەكانی بەردەم كێشەی مووچەیان چارەسەر كرد.   
كێشەی مووچەی كوردستان و بە كارتكردنی بۆ گوشار لەلایەن بەغداوە، لە شوباتی 2014 دەستی پێ كرد، كاتێك نووری مالیكی بودجەی هەرێمەكەی بڕی، دواتر بەشێوەی جیاواز چارەسەری كاتیی كراوە و دواتر لە دۆخێكی تردا بەغدا وەك كارتی برسیكردن بەكاری هێناوەتەوە بۆ لاوازكردنی كوردستان، بەڵام هیچ كات حكوومەتی هەرێم ئامادە نەبوو دەست لە مافە دەستوورییەكانی خۆی هەڵبگرێت و مل بۆ ئەو گوشارانە بدات.  
لە دوا ڕێككەوتنیشدا سەرۆكی حكوومەت ئەوەی مسۆگەر كرد كە لیستی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی كوردستان، بە "كۆد" بنێرن نەك ناوی سیانی. لە كاتێكدا عێراق بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستی بەسەر مووچەی دەزگا تەناهییەكان و پێشمەرگەدا گرت، بۆ ئەوەی كێشە بخاتە نێوان فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی، بەڵام چارەسەرەكە بە دڵی كوردستان و سەروەرییەكانی تەواو بوو.







وشە - رامیار جەواد