ئایندارانی بەد

PM:03:49:22/04/2022 ‌
یاد نورسی

لەگەڵ ئەوەی ئەم سەردەمە سەدەی وێرانبوونە، ساتی رووخانی پایە بە پایەی ئاین و ئەخلاق و عورفە، كەچی ئاین گیری خواردووە بەدەست كۆمەڵێك بەڵاوە كە خۆیان پێ دڵسۆزترینی كەسانە! 

ئایندار - ئەسڵ وایە - ئیسڵاحی بێت، چرابەدەست و عاشق بە رۆشنایی بێت، جەنگی تاریكی بكات، كەچی پێچەوانەكەی دەبینی.

ئێستە مەعمەعەی ئەهلی ئاین مایەی بەزەیی و هاوكات قێزیشە، لە ناو سەتان گیروگرفتدا بابای ئایندار خەریكی ئەوەیە كە (سەرفیترە بە پارە بێ یا بە گەنم و جۆ، یا خوا دەستی هەیە، یا نییەتی، یا زەوی گۆیە، یا تەختە، یا نیقاب كولتوورە، یا ئاینە، ریش سوننەتە یا واجبە، بەمدواییانەش شەڕی هەندێكم دەبینی دەیانوت ئەبو تاڵیب مسوڵمانە!) 

ئەمانە دەلالەتگەلێكن بە ئاشكرا بۆت دەردەخات كە ئاینداری نەزان چەند بەڵایە بەسەر ئومەتەوە! توخوا مایەی شوورەیی نییە ئومەت لە چی لێی قەوماوە و ئێمە خەریكی چین، ئیسلامتان بە گەورەیی خۆی لەمانە بچووك كردووەتەوە؟

ئایندارانی بەڵا كێن؟ 
١.  مەلایی درۆینە، مێزەبەسەری كەشوفشۆڵی خاڵی لە زانست، هەر مێزەربەسەرێكت بینی، نە مەلا جامی و مەلا عەلی، نە منهاج و ئیعانە نە جمع الجوامع و لب الاصول، نە عەبدوڵا یزدی و مغنی توڵابی نەخوێندبوو، بزانە مەلا نییە! ئیتر بەندبێژە، واعزە، مامۆستایە، خەریجی كولیەی شەریعەیە، گرنگ مەلا نییە ! 

٢.  بانگخوازانی نەخوێندەوار، لەبەر قسەكانی دەگریت، وتاریت پێ كاریگەرە، خوا جەزای بداتەوە و كەلێنی پڕ كردووەتەوە، بەڵام دابنیشێ و وەڵامی پرسیاری شەرع بداتەوە، دەبێتە بەڵا بەسەر ئومەتەوە، چونكە موتاڵەعە و زانیاری، زانست نین! خوێندنەوە، خوێندن نییە.

٣.  گەنجی ئایندار! رەدی ئیلحاد دەداتەوە، كەچی كتێبێكی عەقائیدی نەخوێندووە، دژە مەسیحییە، كەچی هیچ لەبارەی ئیسلامی خۆی نازانێ! موریدی یەكێك لە واعیزەكانی فەیسبووكە و تەنیا ئەوی لا زانایە، لەمەڕ هەموو پرسێك قسە دەكات، فەتوا دەدات، كەچی خاڵییە، مێشكێ پووچ، فكری بەتاڵ، بێ زانست، خەڵك تەكفیر دەكات و لە هەمووی كێشەتر خۆی بە شت دەزانێ!

٤. عاشقی شوهرەت، ئەو تاكەیە، یا زۆرجار ئەو گەنجەیە حەزی شوهرەتی هەیە و ئاین وەك پلیكانەیەكی باش دەبینێت، ئیتر قسە دەكات و دەنووسێت و ڤیدیۆ دەكات و هتد.. 

٥. موسەقەفی ئینتەرنێت، سەرچاوەی هەموو زانست و مەعریفەی پۆستی فەیسبووك و ڤیدیۆی یوتیوبە، جارجارەش كتێبێك دەخوێنێتەوە، جا دەبێتە لێكۆڵەری كۆمەڵایەتی، پەروەردەكار، ناقدی ئاینی، سیاسەتمەدار، شیكەرەوە.. هتد.
كارم لە هیچ كام لە كردە سەقەتەكانی تری نییە، تەنیا بواری ئاینەكەی نەبێت كە بە نەزانی دەمی تێدەكوتێت، جا بە پێم وایە و پێم وایە، پوچی دەوەشێنێ.

٦.  كۆتا بەد، جەماعەتی قورئان و سوننەت كە نە دەزانن قورئان بخوێننەوە، نە لە سوننەتیش تێدەگەن، پێیان دەڵێی فلان زانا وا دەفەرمووێ، دەڵێ من قورئانت بۆ دێنمەوە، وەك ئەوەی زانایان قورئانیان نەدیبێ! جا بزانە ئەمەش ڤایرۆسێكە!

سارتەر، كاتێ چووە مەرحەلە یەكی زانكۆ، تەنیا هەزار كتێبێكی خوێندبووەوە، گەنجی ئێمە (تاكی ئێمە) بە پێش و پاشی زانكۆوەش ٥٠٠ كتێب ناخوێنێتەوە، كەچی دەنووسێ، بۆچوونی خۆی هەیە لەمەڕ پرسەكان، ئاخر بڵێ تۆ چیت تا بۆچوونت هەبێ!
یقولون هژا عندنا غیرُ جائزٍ 
فمَنْ أنتمُ حتی یكونَ لكم عِندُ
دەڵێن ئەم شتە لای ئێمە جائیز نییە، ئاخر ئێوە كێن تا لاتان هەبێ! 

خودا ئایندارانی بەدمان لە كۆڵ كاتەوە.