سەرەتا دڵخۆشم بەواژۆکردنی شارەدێی (بەقەزابوونەوە)ی خورماڵ لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە. وەک تاکێکی خورماڵ، سپاس و پێزانین و دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەم کاریان کرد بۆ بەقزابوونی خورماڵ لە کەمپینی بەقەزابوونی خورماڵەوە تـا سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
پاش بەقەزابوونی خورماڵ، پێم باشە و پێشنیار دەکەم، گوندی "ڕیشێن" بکرێت بە شارەدێ (ناحیەیەک) سەر بە شارۆكەی خورماڵ و پارێزگای هەڵەبجە و بەم خاڵانە گرنگییەكەی دەسەلمێنم:
١- لەبەر ئەوەی دووریی گوندەکانی بناری سورێن کە ئێستا سەر بە ئیدارەی خوزماڵن، وا دەخوازێت ناحیەیەک لە نزیکیان بێت.
٢- ڕیشێن سەرچاوەیەکی ئاوی باشی هەیە بۆ گەشتیاری و بۆ ئاوەدانی نیشتەجێبوون.
٣-ڕووبەرێکی زۆری زەوی هەیە (سەخەری + تاپۆ) و دەرفەتی فراوانبوونی هەیە.
٤- لە سەنتەری قەزای خورماڵەوە لە مەودایەکدایە نە زۆر دوورە نە زۆر نزیکە، بەبەراورد بە گوندەکانی دەوورووبەری خورماڵ، لە هەمان کاتدا لە هەر چواردەوورییەوە گوندی دیکە هەیە.
٥- سەرەڕای خەڵکی ڕیشێن، خەڵكی عاموورە، گوندەکانی میری سوور، مەلاوەیسە، گوڵەخانە، قەدەفەری، کانی ئاسکان، نەوێ، بەردەبەل، تازەدێ، بانی بنۆک و چەند گوندی تر کاریان ئاسان دەبێت لە کاروباری ئیداری وخزمەتگوزاری ڕۆژانە.
٦- دەکرێت لە داهاتوودا مەرزێکی لێ بکرێتەوە کە پێشتر بە مەرزی کانی خەیاران ناسراو بوو لە سنووری گوندەکانی قەڵبەزە و بانی بنۆکدا و ڕێگای هاتوچۆی تا ڕادەیەک بۆ کراوە.
هاوکات وا باشترە ناحیەیەکی دیکە لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی قەزاکەوە دروست بکرێت و بۆ پێگەی ئەو ناحیەیەش گوندی خێڵی حەمە لەبارە بە هەڵکەوتەی جوگرافی و بوونی ڕووبەرێکی زەوی و نزیکی سەرچاوەی ئاو و جۆگە ئاودێریی دەلێن.
پێشنیاری خۆمە و هیچ بەرژەوەندیەکم لەم باسەدا نییە جگە سوودی گشتیی شارۆكە نوێیەکە و هاووڵاتییانی سنوورەکەی.